Accessibility links

بڕیاری تویتەر بۆ قەدەغەکردنی ترامپ و لادانی پۆستێکی خامەنەئی لە هەمان ڕۆژدا، ڕەخنەی لێ دەکەوێتەوە و بە 'دووڕوویی' ناودێر دەکرێت


تۆڕی کۆمەڵایەتی تویتەری ئەمەریکا ڕۆژی هەینی دەستبەجێ هەنگاوێکی جیاوازی دژ بە ڕێبەرانی ئەمەریکا و ئێران نا، بۆ هەمیشەیی هەژمارە تایبەتەکەی سەرۆکی ئەمەریکا دانۆڵد ترامپی قەدەغە کرد لە کاتێکدا توتیتێکی ڕێبەری باڵای ئێران ئایەتوڵا عەلی خامەنەئشی لەسەر هەژمارە ئینگلیزییەکەی لاداو پۆستی نوێی قەدەغەکرد.

بڕیارە توندەکەی تویتەر لە دژی هەژماری @realdonaldtrump، بە بەراورد لەگەڵ ڕەفتارەکانی ئەو تۆڕە کۆمەڵایەتییە لەگەڵ خامەئی بۆتە هۆی ڕەخنەیەکی زۆر و دەیان پەیامی لایەنگرانی سەرۆکی ئەمەریکا کە تویتەر بە دووڕوو ناودێر دەکەن.

بەشێکی زۆر لە ڕەخنەگرانی تویتەر دەڵێن هەژماری @Khamenei_IR، کە تویتەر بە فەرمی نەیناساندووە بەڵام بەردەوام بەیاننامەکانی پۆست دەکات، پۆستی دژی ئیسرائیل و نەیارانی هەرێمی تێدایە کە زۆر لەو تویتانەی ئەمدواییانەی ترامپ زیاتر هاندانن بۆ توندوتیژی، کە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکە پێی وایە سەرپێچییە لە ڕێبازەکانی توندوتیژی.

بەرپرسی کۆمسیۆنی پەیوەندییەکانی حکومەتی ئەمەریکا، ئەجیت پال، لە تویتێکدا وێنەی ژمارەیەک لەو پۆستانەی خامەنەئی داناوە کە لە مانگی پێنجدا زمانێکی زۆر توندی بەرامبەر دژی ئیسرائیل بەکارهێناوە، و دەڵێت ئەمانە پرسیاری زۆر "جەدی" لەمەڕ هاندانی توندوتیژی دەهێنێتە گۆڕێ.

لە پەیامێکی ڕۆژی هەینی بۆ بەشی فارسی دەنگی ئەمەریکا، جەیسن برۆدسکی، بەڕێوەبەری ڕێبازدانان لە ڕێکخراوی United Against Nuclear Iran دەڵێت " هەژمارەکانی تویتەری خامەنەئی، دیکتاتۆرەکانی تر و نوێنەرەکانیان بریتییە لە بابەتی زۆر ڕق و مەترسیدار کە دەبێتە هۆی هاندانی توندوتیژی دژ بە گروپەکان. ئێمە بینیومانە خامەنەئی داوای لەناوبردنی ئیسرائیل دەکات، کە ئەمە هاندانە. جا ئەگەر تویتەر ڕێبازی دژی هاندانی توندوتیژی هەیە دەبێت بۆ هەموی وەک یەک بێت."

گوتەبێژێکی تویتەر وەڵامی ئەوەی داوەتەوە کە تۆمەتبار دەکرێن بە دووڕووی و بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاندووە پلاتفۆرمەکە پێش ڕۆژی هەینیش بڕیاری دژ بە ڕێبەرانی جیهانی داوە.

ئەو گوتەبێژە ڕایگەیاند بڕیارەکانی ڕۆژی هەینی تویتەر لەسەر بنەمای ئەو " زیانە بوو کە بە تایبەتی بەهۆی هەژماری [ تایبەتی ترامپەوە] ڕوویداوە"، و لینکی بەیاننامەکەی تویتەری ناردووە کە باس لەوەدەکات بۆچی لەوبڕوایەدایە دوواین تویتەکانی ترامپ شیانی هاندانی توندوتیژی هەیە لە داهاتوودا دوابەدوای ئەوەی لە ڕۆژی هەینی ژمارەیەک لە پشتیوانانی هوروژمیان بردە نێو بینای کۆنگرێسەوە.

بڕیارەکەی تویتەر لە دژی هەژماری خامانەئی چەند کاتژمێرێک بەر لە قەدەغەکردنی ترامپ ڕوویدا.

لە تویتەکەی ڕۆژی هەینی خامانەئیدا ئەو ڤاکسینەی کۆرۆنای کە لەلایەن ئەمەریکا، بەریتانیا و فەرەنساوە بەرهەم دەهێنرێت بە " تەواوەتی بێمتمانە" ناوبراوە و وڵاتانی ڕۆژئاوا تۆمەتبار دەکات بەوەی هەوڵ دەدەن وڵاتانی تر "پیس بکەن" بە ناردنی ئەو ڤاکسینانە بۆیان.

تویتەکەی خامەنەئی بووە هۆی ئەوەی چالاکوانانی ئێرانی وەکو پێشکەشکاری تەلەفیزیۆنی بەشی فارسی دەنگی ئەمەریکا مەسیح عەلینژاد، داوا لە تویتەر بکەن تا هەژمارەکەی ڕاگرن بۆ بڵاوکردنەوەی زانیاری هەڵە لەسەر ڤاکسینەکان. پاش چەند کاتژمێرێک تویتەر ئەو پۆستەی لادا.

گوتەبێژەکەی تویتەر بە دەنگی ئەمەریکای گوتی ئەو تویتە سەرپێچی بوو لە ڕێبازەکانی زانیاری هەڵەی پلاتفۆرمەکە، و خاوەنی هەژماری @Khamenei_IR پێویستە پێش کردنەوەی هەژمارەکەی ئەو پۆستە بسڕێتەوە.

ئەمەش یەکەم جار بوو لەوەتای مانگی 2 ی ساڵی 2019 وە تویتەر بڕیارێک دژ هەژماری زمانی ئینگلیزی ڕێبەری باڵای ئێران بدات.

لەو مانگەدا هەمان هەژماری خامەنەئی پۆستێکی کردبوو کە تیایدا پشتیوانی لە فتوایەکی ساڵی 1989 ی ئایەتوڵا ڕوحوڵا خومەینی کردبوو ، بۆ کوشتنی نوسەری بەڕیتانی سەلمان ڕوشدی بەهۆی نوسینی کتێبێکی کە دەسەڵاتی مەلاکان بە سوکایەتی کردن بە ئیسلام لەقەڵەمی دەدەن.

تویتەر گوتی ئەو تویتەی لەسەر ڕوشدی هەڕەشی توندوتیژی دەهێنێتە گۆڕێ، تویتەکە لادراو هەژمارەکەش بۆ ماوەی 24 کاتژمێر بلۆک کرا تا خاوەنی هەژمارەکە پۆستەکەی لادا.

XS
SM
MD
LG