فەرماندەی سەرکردایەتی ناوەندی ئەمەریکا جەنەڕاڵ کینیث مککێنزی وتی بەهۆی هێرشە خۆکوژییەکانی چەکدارانی ڕێکخراوی داعشەوە لە کابوڵ 12 سەربازی ئەمەریکی کوژران و 15 سەربازی دیکە برینداربوون.
مککێنزی بە ڕۆژنامەنووسانی وت " ژمارەیەک لە هاوڵاتیانی مەدەنی ئەفغانیش لە هێرشەکەدا کوژراون و هەندێکی دیکەیان برینداربوون."
مککێنزی وتی سەرەڕای هێرشەکە ئەمەریکا بەردەوام دەبێت لە گواستنەوەی هاوڵاتیان لە ئەفغانستان.
وتی " ڕێگە بدەن بە ڕوونی پێتان بڵێم، لەکاتێکدا خەمبارین بەهۆی گیان لەدەستدانی ئەمەریکیەکان و ئەفغانیەکانیش، بەردەوام دەبین لە جێبەجێکردنی ئەرکەکانمان، ئەوەش گواستنەوەی هاوڵاتیانە بۆ دەرەوەی ئەفغانستان."
مککێنزی وتی پێشبینی هێرشی زیاتری چەکدارانی داعشی کردووە بەڵام " ئەوە دوورمان ناخاتەوە لە جێبەجێکردنی ئەرکەکەمان."
جەنەڕاڵ مککێنزی وتی دوو خۆکوژ لەنزیک دەروازەی ئابی فڕۆکەخانەی کابوڵ و نزیک هۆتێلی بارۆن خۆیان تەقاندۆتەوە.
وتیشی دواتر ژمارەیەک لە چەکدارانی داعش تەقەیان لە هاوڵاتیانی مەدەنی و هێزە سەربازییەکان کردووە.
لەلایەکی دیکەوە کۆشکی سپی وتی سەرۆکی ئەمەریکا جۆو بایدن لەبارەی هێرشەکەوە پێی وتراوە و و کۆبوونەوەکەی لەگەڵ سەرۆک وەزیری ئیسڕائیل نەفتاڵی بێنێت و چالاکیەکی دیکەی دواخستووە.
کۆشکی سپی وتی " سەرۆک ئەم بەیانیە لەگەڵ تیمەکەی ئاسایشی نیشتیمانی و فەرماندە سەربازییەکاندا کۆبۆتەوە. بەردەوام نوێترین ڕووداوەکانی ڕۆژەکەی پێ ڕادەگەیەندرێت."
سەرچاوە/ فرانس پرێس
سەرچاوە/ فرانس پرێس