Accessibility links

دانۆڵد تۆسک: شوێنێکی تایبەت لە دۆزەخ هەیە بۆ ئەو کەسانەی کە داوای جیابوونەوەی بەڕیتانیایان کرد لە یەکێتی ئەوروپا


سەرۆکی ئەنجومەنی ئەوروپا دانۆڵد تۆسک
سەرۆکی ئەنجومەنی ئەوروپا دانۆڵد تۆسک

سەرۆکی ئەنجومەنی ئەوروپا دانۆڵد تۆسک وتی ئەو بەڕیتانیاییانەی کە داوای جیابوونەوەی بەڕیتانیایان کرد لە یەکێتی ئەوروپا بەبێ ئەوەی هیچ پلانێکیان هەبێت بۆ جێبەجێکردنی " شوێنێکی تایبەتیان هەیە لە دۆزەخ "، ئەمەش بووە هۆی توڕەبوونێکی زۆر لەلایەن ئەو خەڵکانەوە کە دژایەتی یەکێتیەکە دەکەن.

تۆسک لە بڕۆکسل بە ڕۆژنامەنووسانی وت " دەمپرسی ئەو دۆزەخە تایبەتە چۆنە بۆ ئەو کەسانەی کە داوایان کرد بەڕیتانیا لە یەکێتی ئەوروپا جیاببێتەوە بەبێ ئەوەی هیچ پلانێکیان هەبووبێت لەسەر چۆنێتی جێبەجێکردنی جیابوونەوەکە بە پارێزراوی."

لێدوانەکانی تۆسک کە ڕۆژی پێنجشەممە میوانداری سەرۆک وەزیری بەڕیتانیا تێریزا مەی دەکات، دوای کۆبوونەوەکەی هات لەگەڵ سەرۆک وەزیری ئێرلەندا لیۆ ڤاردکار کە تیایدا گفتوگۆیان کرد لەسەر چۆنێتی ڕزگارکردنی ڕێکەوتنەکەی جیابوونەوەی بەڕیتانیا لە یەکێتی ئەوروپا.

وتەبێژی سەرۆک وەزیری بەڕیتانیا وتی ئەو لێدوانانە هیچ سوودێکیان نیە.

ئەندامی حیزبی سەربەخۆیی بەڕیتانیا نایجڵ فاراج کە ماوەیەکی زۆر داوای جیابوونەوەی کرد لە یەکێتیەکە کەمپینێکی بۆ پشتیوانیکردن لە جیابوونەوەکە ڕاگەیاند و لە تویتەر نوسی " دوای جیابوونەوەی بەڕیتانیا لە یەکێتی ئەوروپا ئازاد دەبین و لە هەڵنەبژێردراو و خۆبەزلزانەکانی هاوشێوەی تۆ ڕزگارمان دەبێت و خۆمان وڵاتی خۆمان بەڕێوەدەبەین، ئەوە بۆمن بەهەشتە."

ئۆفیسی مەی ئاماژەی بەوەدا لێدوانەکەی تۆسک سوودی نیە لەکاتێکدا مەی هەوڵێکی زۆر دەدات چارەسەرێک بدۆزێتەوە کە لەندەن بە کۆی دەنگ پشتیوانی لێبکەن. وتەبێژی مەی وتی " پرسیارێک لە دانۆڵد تۆسک دەکەم کە ئایا بەکارهێنانی ئەم زمانە بەلای ئەوەوە شتێکی بەسوودە؟"

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG