Accessibility links

دادگایەکی تورکیا سزای شەش ساڵ بەسەر زیندانییەکی سیاسیی پێشووی کورددا دەسەپێنێت

مەهیار ئەحمەدی
مەهیار ئەحمەدی

مەهیار ئەحمەدی چالاکەوانی ژینگەپارێز و زیندانی سیاسیی پێشووی کورد و خەڵکی شاری سنە، لەلایەن دادگایەکی تورکیاوە لە هەکاری تورکیا سزای 6 ساڵ و 3 مانگ زیندانی بەسەردا سەپێندراوە، پێشتریش لە کاتی ڕۆیشتنی بۆ ئەوروپادا لە سەر سنووری تورکیا لەلایەن هێزەکانی سنووری تورکیاوە دەستبەسەرکرابوو.

بەپێی ڕێکخراوی هەنگاو و تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، دادگاکە بە تۆمەتی " ئەندامێتی ئەحمەدی لە پارتێکی ئۆپۆزسیۆنی کورددا " سزای شەش ساڵ و سێ مانگی زیندانیکردنی بەسەر ئەحمەدیدا سەپاندووە.

هەروەها ئاماژەشیان بەوەدا ئەحمەدی ئێستا لە زیندانێکی شاری واندا دەستبەسەرکراوە و بەمدواییانە سزاکەی پێڕاگەیەندراوە.

مەهیار ئەحمەدی ساڵی ڕابردوو بەهۆی بەشداریکردنییەوە لە خۆپیشاندانەکانی " ژن، ژیان، ئازادی " ئێراندا و ئاشکرابوونی لەلایەن دەزگاکانی ئاسایشی ئێرانەوە بە ناچار کۆچی کرد بۆ هەرێمی کوردستان. لەوێش لە مانگی نۆدا بەهۆی فشارەکانی دەزگاکانی ئاسایشی ئێرانەوە هەرێمی کوردستانی بەجێهێشت، بە نیاز بوو لە ڕێی تورکیاوە خۆی بگەیەنێتە ئەوروپا، بەڵام لە 12 ی مانگی نۆدا لەسەر سنووری نێوان تورکیا و هەرێمی کوردستان لەلایەن هێزەکانی سنووری تورکیاوە دەستگیرکرا.

ئەحمەدی چالاکەوانی کورد سەرەتا لە زیندانێک لە هاکاری دەستبەسەرکرا، دواتر دوای دادگاییەکەی، گواسترایەوە بۆ زیندانی وان لە ڕۆژهەڵاتی تورکیا.

پێشتریش لە 6 ی مانگی دووی ساڵی 2018 دا ئەحمەدی لەلایەن هێزەکانی ئاسایشی ئێرانەوە لە سنە دەستگیرکرا، ئەوەش بەهۆی چالاکییە مەدەنییەکانییەوە. دوای ئەوەی دوو مانگی لە زیندانی کاتیدا بەسەربرد، بە کەفالەت لە زیندانی سنە ئازادکرا.

لە مانگی چواری ساڵی 2018 دا دادگای شۆڕشگێڕی سنە بە تۆمەتی " بڵاوکردنەوەی پڕوپاگەندەی دژ بە ئێران " سزای سێ مانگ زیندانیکردنی بەسەر ئەحمەدیدا سەپاند و سزای سێ ساڵ هەڵپەساردنی بەسەردا سەپاند. مانگێک دوای ئەوە دەستگیرکرا و گواسترایەوە بۆ زیندانی ناوەندی سنە، بە مەبەستی جێبەجێکردنی سزاکەی.

سەرچاوە/ هەنگاو، تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان

This item is part of
XS
SM
MD
LG