Accessibility links

دادگایەکی تورکیا درێژە دەدات بە زیندانکردنی قەشەیەکی ئەمەریکایی


دادگایەکی تورکیا بڕیاری دا ئەو قشە ئەمەریکایـیەی لە مانگی دەی ساڵی 2016 وە دەسـتگیرکراوە بە تۆمەتی لایەنگری فەتحوڵڵا گولەن و پارتی کرێکارانی کوردستانەوە، لە زینداندا بهێڵدرێتەوە.

قەشە ئەندرۆ برەنسن ڕۆژی دووشەممە لە بەندیخانەی عەلی ئەغای پارێزگای ئەزمیر برایە بەردەم دادگا و لەوێ دادوەر گوتی بەپـێی ئەو بەڵگانەی گەواهیدەران پـێشکەشیان کردووە و هەروەها ئەو مەترسیـیانەی هەن ئەندرۆ برەنسن هەڵبێت، بڕیار درا لە زینداندا بهێڵریتەوە و دانیشتنی دووەمی دادگایی‌کردنەکەی لە 7 ی مانگی پـێنج بەڕێوەبچێت.

نورینی هاوسەری قەشە ئەندرۆ لەگەڵ سیناتۆری ئەمەریکایی تام تیلیس و باڵیۆزی تایبەتی ئەمەریکا بۆ ئازادی بیروباوەڕ لە جیهاندا سام براون‌باگ، ئامادەی دانیشتنەکەی دادگا بوون.

قەشە ئەندرۆ و نورینی هاوسەری (ئەرشیفی وێنە)
قەشە ئەندرۆ و نورینی هاوسەری (ئەرشیفی وێنە)

قەشە ئەندرۆ کە تەمەنی لە پەنجاکاندایە، لە ساڵی 1993 وە لە تورکیایە و لەوێ لەگەڵ نورینی هاوسەری کڵێسایەکیان لە شاری ئەزمیر بەڕێوەدەبرد، بەڵام لە پاش هەوڵی کودەتاکەی ساڵی 2016 لە لایەن دەسەڵاتدارانی تورکیاوە دەسـتگیرکرا.

بەپـێی یاداشتنامەی تۆمەتەکانی ڕۆژی دووشەممە لە دادگا ئاڕاستەی کرا، تاوانبارکراوە بەوەی چاوپـێکەوتنی لەگەڵ کەسانێک ئەنجامداوە کە گومانیان لێدەکرێت سەر بە فەتحوڵڵا گولەن بن ئەوەی ئەنکەرە بە هەوڵی کودەتاکە تۆمەتباری دەکات و ئێستا لە ئەمەریکایە. هەروەها تۆمەتباریش کراوە بەوەی مەراسیمی نوێژ و نزای بۆ کورد لە کڵێساکەی ئەنجامداوە و وشەی "کوردستان"ی بەکارهێناوە کاتێک ئاماژەی بۆ ناوچە کوردیـیەکانی تورکیا کردووە.

قەشە ئەندرۆ بە چاوی پـڕ لە فرمێسکەوە سڵاوی لە هاوسەرەکەی کرد و بە زمانی ئینگلیزی پـێی گوتبوو" خەریکە شێت دەبم. خۆشم دەوێیت."

پاشان بە زمانی تورکی بە دادگاکەی گوت" من هیچ شتێکم لە دژی تورکیا نەکردووە، بەڵکو بە پـێچەوانەوە تورکیام خۆش دەوێت و 25 ساڵە نوێژ و نزای بۆ دەکەم."

گوتیشی 16 مانگە بەبێ تاوان لە خێزانەکەی جیاکراوەتەوە، بۆیە دەیەوێت بگەڕێتەوە ماڵەکەی.

جێم هالافۆرتی پارێزەری بە ئاژانسی دەنگ‌وباسی فڕانس پـرێسی گوت ئەوان دڵنیان لەوەی لە کۆتایـیدا قەشە ئەندرۆ ئازاددەکرێت، چونکە بڕوایان وایە بێ تاوانە. بەڵام گوتیشی ئەگەربێت دادگا بە تاوانباری ناودێربکات ئەوا ڕەنگە 15 ساڵ و 20 ساڵ سزای زیندانی بدرێت.

چاودێران پـێـیان وایە دەسەڵاتدارانی تورکیا ئامانجیانە واشنتن فەتحوڵڵا گولەنیان ڕادەستبکات لە بەرامبەر ئازادکردنی قەشە ئەندرۆ.

مانگی نۆی ساڵی ڕابردوو ڕەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆکی تورکیا گوتی وڵاتەکەی ڕەنگە قەشە ئەندرۆ ئازادبکات ئەگەربێت و واشنتن گولەنیان ڕادەستبکات.

سیناتۆر تام تیلیس لەم بارەیەوە بە ڕۆژنامەوانانی گوت واشنتن هیچ سەودا و ڕێکەوتنێک لەگەڵ ئەنکەرە ناکات بۆ ئازادکردنی قەشە ئەندرۆ. جەختی کردەوە هاتنیان بۆ تورکیا تەنیا بۆ ئاگاداربوونە لە پـرۆسەی دادگایی‌کردنەکە لە نزیکەوە.

XS
SM
MD
LG