Accessibility links

دادگاییکردنی تاوانبارانی کوشتنی پارێزەری کورد تاهیر ئەڵچی لە تورکیا دەستیپێکرد


دادگایـیکردنێک کە دەمێکە چاوەڕێ دەکڕیت، ڕۆژی چوارشەمە کرایەوە بۆ کەیسی ئەو 3 پۆلیسە کە لە ساڵی 2015 دا پارێزەرێکی دیاری کوردی شاری دیاربەکریان کوشت.

تاهیر ئەڵچی کە چالاکی ماڤی کوردەکان بوو لە تورکیا، لە 28 مانگی یازدەی ساڵی 2015 دا، لە کاتی پێکدادانی چەکداریی نێوان چەکدارە کوردەکان و پۆلیسدا، بە ڕۆژی روون تەقە لە سەری کرا و گیانی لە دەستدا. ئێلچی سه‌رۆكی سه‌ندیكای پارێزه‌رانی ئامه‌د بوو.

سێ پۆلیسەکان تۆمەتبار کراون بەوەی کە " بوونتە هۆی مردن بەهۆی کەمترخەمی پێشبینیکراوەوە "کە گەر بێت و تاوانبار بکرێن ئەوا لە نێوان دوو بۆ شەش ساڵ زیندان سزا دەدرێن.

کەسی چوارەم کە بە چەکدارێکی کورد وەسف دەکرێت، بە شێوەی غیابی و بە هەمان تۆمەت و هەروەها بە تۆمەتی کوشتنی دوو پۆلیس و " تێکدانی یەکریزی وڵات " دادگایی دەکرێت.

چەکدارە کوردەکە کە لە هەمان شەقامدا بووە کە ئەڵچی تێدا کوژراوە، ئەگەربێتۆ تاوانبار بکرێت ئەوا ژیانی ڕووبەڕووی زیندان دەبێتەوە.

بڕیاربوو پۆلیسەکان لە ڕێگای ڤیدیۆ کۆنفرانسەوە و لە ژێر باری قورسی ئاسایشدا لە دیاربەکرەوە بەشداری لە دادگاییکردنەکەدا بکەن.

بەرپرسان رۆژنامەنووسەکان، لە ناویاندا پەیامنێری ئاژانسی AFP لە هۆڵی دادگا بە بیانیووی ڤایرۆسی کۆرۆناوە دەرکردە دەرێ، بەڵام ڕۆژنامەنووسێک توانی بگەڕێتەوە و گوێ لە دادگاییکردنەکە بگرێت.

هەروەها دەیان پارێزەر و نوێنەری گروپەکانی مافی مرۆڤ ئامادەی دادگاییکردنەکە بوون.

مردنی ئەڵچی دوای کۆتایی هاتنی ئاگربەستی ساڵی 2013ی نێوان دەوڵەتی تورکیا و پارتی کرێکارانی کوردستان (پ.ک.ک) ڕوویدا.پ ک ک لەلایەن ئەنکارە و هاوپەیمانە ڕۆژئاواییەکانییەوە بە گروپێکی تیرۆریستی ناو دەبرێن و خراونەتە لیستی ڕەشەوە.

تۆم پۆرتیۆس، جێگری بەڕێوەبەری بەرنامەی ڕێکخراوی ڕوانگەی ماڤەکانی مرۆڤ وتی:"زۆرێک لە بزوتنەوەکانی مافی مرۆڤ لە تورکیا و لە دەرەوەی تورکیادا تیشکیان خستوەتە سەر ئەوە کە بزانن ئایا بەڕێوەبردنی دادگاییکردنەکە بۆ ئاشکرا کردنی تەواوی کەیسی کوشتنی ئێلچییە یان دەیەوێ هەوڵ بدات بە هەر نرخێک بووە پۆلیسەکان بێبەری بکات لە تاوان.

ڕێکخراوی ڕوانگەی مافەکانی مرۆڤ ڕەخنەی لە دواکەوتنی کەیسەکە گرت و وتی کە ئاستەنگەکان لەبەردەم لێکۆڵینەوەیەکی کاریگەردا زۆرن و هەروەها ئەوەی خستەڕوو کە داواکاری گشتی لێکۆڵینەوە لە مردنەکە چەند جارێک گۆڕاوە هەروەها دەسەڵاتدارانیش نەیانتوانیوە بەڵگەکان لە شوێنی تەقەکردنەکەدا کۆ بکەنەوە.

لێکۆڵەرانی ئاژانسی توێژینەوەیەک لە لەندەن ساڵی ڕابردوو ڕاپۆرتێکی دڕێژیان بڵاوکردەوە لە سەر تەقەکردنەکە کە ئاماژە بۆ ئەوە دەکات کە هێزەکانی ئاسایش توانیویانە ئەڵچی بکوژن .

پۆرتیۆس لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند " زۆر گرنگە کە دادگای دیاربەکر تێبینی تەواوی دۆزینەوەکانی ئەم توێژینەوەیە بکات و لە بەرچاویان بگڕیت و بە وردی بکۆڵێتەوە لەوەی کە ئایا تۆمەتەکانی داواکاری گشتی بۆ پۆلیس لەگەڵ ئاستی تاوانەکەدا یەک دەگرنەوە یان نا ؟ " .

سەرچاوە/ فڕانس پـرێس

XS
SM
MD
LG