Accessibility links

دەسەڵاتدارانی تورکیا فەرمانی دەستگیرکردنی 695 کەس دەدەن


دەسەڵاتدارانی تورکیا فرمانی دەستگیرکردنیان بۆ سەدان کەس دەرکردووە بە گومانی ئەوەی پەیوەندییان بە ڕێکخراوەکەی فەتحوڵا گولەنەوە هەیە.

ئانکەرە ئەم ڕێکخراوەی گولەن بە ڕێکخستنی کودەتا سەرنەگرتووەکەی مانگی حەوتی ساڵی 2016 گوناهبار دەکات.

ئاژانسی دەنگ و باسی ئەناتۆڵیا دەڵێت لێکۆڵەرەکان دەستیان کردووە بە گەڕان بە شوێن 695 کەسدا، کە خەڵکی سەربازی و پۆلیس و فەرمانبەری وەزارەتی دادی تورکیای تیادان.

بەپێی زانیاریەکانی ئاژانسی ئەناتۆڵیان بڵاوی کردونەتەوە، تا سەرلەبەیانی ڕۆژی سێشەممە نزیکەی 159 کەس دەستگیرکراون.

لە سێ ساڵی ڕابردوودا دەیان هەزار کەس لە تورکیا دەستگیرکراون، یان لە کارەکانیان دوور خراونەتەوە، وەک هەوڵێکی دەسەڵاتدارانی ئەو وڵاتە بۆ لە ڕەگ و ڕیشەوە هەڵکێشانی ئەو ڕێکخراوەی گولەن.

فەتحوڵا گولەن، نزیکەی 20 ساڵە لە ئەمریکا دادەنیشێت و نکوڵی دەکات لەوەی پەیوەندی هەبووبێت بەو کودەتا سەرنەگرتووەوە.

بزووتنەوەکەی گولەن، لە ناو خەڵکی سەرانسەری تورکیادا پشتیوانی لێدەکرێت و هەروەها لەناو لەشکر و وەزارەتی داد و دامەزراوەکانی تری حکومەتیشدا پشتیوانی دەکرێت، وێڕای ئەوەی هەڵمەتەکانی دەستگیرکردنی لایەنگرانی گولەن لە 3 ساڵ لەمەوەبەرەوە بەردەوامن.

XS
SM
MD
LG