Accessibility links

دادگایه‌کی واشنتن 19 تورک تاوانبار ده‌کات


ده‌سته‌یه‌کی گه‌وره‌ی سوێندخۆران له‌ واشنتنی پایتەخت که‌ پێکهاتووه‌ له‌ 23 که‌س، بڕیاری لەسەر کەیسەکەی مانگی پـێنجیان دا، ئەوەی تیایدا پاسەوانەکانی سەرۆکی تورکیا لە خۆپـیشاندەرانیان دا.

دادگای ناوچەی کۆلۆمبیای واشنتن دوێنێ سێشەممە لە ڕاگەیاندنێـکدا بڕیاری دەستەکەی بڵاوکردەوە کە تیایدا 19 کەس بە تاوانکار دانران، لەوانە 15 کەسیان لە هێزی ئاسایشی تورکی بوون، ئەوانەی پاسەوانیان لە ڕەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆکی تورکیا دەکرد.

دەستەکە دەڵێت ئەم کەسانە بە زانیاری و بە پـیلانگێڕی و بە کۆمەڵ هێرشیان کردووەتە سەر خۆپـیشاندەران و لە هێرشەکەیان کلکە دەمانچەیان بەکارهێناوە، ئەمەش پـێشێـلکردنی هەردوو ماددەی 22–402 و 22–404 ی یاسای واشنتنە. سزای پـێشێلکردنی ئەم دوو یاسایە دەگاتە هەتا 15 ساڵ زیندانی و هەروەها سزای دارایـیشی لەگەڵدا هەیە.

جێی وەبیرهێنانەوەیە لە 16 ی مانگی پـێنجی ئەمساڵ ژمارەیەک خۆپـیشاندەر کە زۆربەیان کوردبوون، لە بەردەم شوێنی حەوانەوەی باڵیۆزی تورکیا لە واشنتن گردبوونەوە بۆ دەربڕینی ناڕەزایی بەرامبەر ڕەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆکی تورکیا لەو کاتەی بە سەردانێـک لە واشنتن بوو، بەڵام لە ناکاو لەلایەن پاسەوانانی ئەردۆغان و ئاسایشی باڵیۆزخانەکە لەگەڵ ژمارەیەک لە لایەنگرانی سەرۆکی تورکیا هێرشێـکی توند کرایە سەر خۆپـیشاندەران و لە ئەنجامدا ژمارەیەک خۆپیشاندەر برینداربوون.

کامێرای دەنگی ئەمەریکا لە شوێنی ڕووداوەکە بوو و ڤیدیۆی هێرشەکەی گرت و تیایدا نیشان دەدرێت پاسەوانانی تورکی لەبەر چاوی ئەردۆغان لە خۆپـیشاندەران دەدەن.

ئەم ڕەفتارەی پاسەوانانی سەرۆکی تورکیا بووە جێی ناڕەزایی گەورە لە ئەمەریکا، بەوپـێـیەی خۆپـیشاندان و گردبوونەوە و ڕادەربڕین مافێـکی سەرەتایی هەموو کەسێـکە لە وڵاتەکەدا.

تورکیا لای خۆیەوە ڕەتیدەکاتەوە پاسەوانەکانی هێرشیان کردبێت، دەڵێت ئەو خۆپـیشاندەرانە لایەنگری پەکەکە و گوڵەن بوون و سەرەتا ئەوان پەلاماری پاسەوانەکانیان دابوو.

جێی ئاماژەیە لە سیستەمی دادوەری ئەمەریکا دەستەی سوێندخۆران Jury هەیە کە ئەندامەکانی لە هاوڵاتیانی ئاسایی پـێکدەهێنرێت تاوەکو بڕیار لە کەیسێـک بدەن و دادگا لەسەری کاربکات. بۆ کەیسی ئاسایی دەستەیەکی بچوک سوێندخواردن پـێکدەهێنرێت کە ژمارەیان لە 6 بۆ 12 کەس پـێکدێت، بەڵام بۆ کەیسی گەورە دەستەی گەورەی سوێندخۆران پـێکدەهێنرێت کە بە Grand Jury ناودێردەکرێت و ژمارەی ئەندامەکانی لە 16 بۆ 23 کەسە. دەستەکە بۆیە بە سوێندخۆران ناودێردەکرێن، چونکە بەر لەوەی دەستبەکاربن لە کەیسەکە لە دادگا سوێنددەخۆن کە دادپەروەرانە و بێ لایەنگیری بڕیاربدەن.

ڕاگەیاندنی دادگای واشنتن

ڕاگەیاندنی دادگای واشنتن

XS
SM
MD
LG