Accessibility links

سەرچاوەکان دەڵێن سەرۆکی کاتی سوریا تاوتوێی ڕێککەوتنێکی بەرگری دەکات لەگەڵ ئەردۆغاندا


چوار سەرچاوەی نزیک لە بابەتەکەوە وتییان سەرۆکی کاتی سوریا ئەحمەد ئەلشەرع و سەرۆکی تورکیا ڕەجەب تەیب ئەردۆغان پێشبینی دەکرێت ڕۆژی سێشەممە لە ئەنکەرە تاوتوێی ڕێککەوتنێکی بەرگری هاوبەش بکەن، لەوانەش دامەزراندنی بنکەی ئاسمانی تورکیایی لە ناوەڕاستی سوریا و پێدانی مەشق بە سوپای نوێی سوریا.

تورکیای ئەندام لە ناتۆ لە مێژە پشتیوانی لە ئۆپۆزسیۆنی سیاسیی و چەکداریی سوریا کردووە بۆ دوورخستنەوەی ڕژێمەکەی بەشار ئەسەد، کە لە مانگی دوانزەدا لەلایەن هێزەکانی شەرعەوە ڕووخێندرا.

تورکیا خۆی داناوە ڕۆڵێکی گەورە ببینێت لە سوریای نوێدا، ئەو بۆشاییە پڕ بکاتەوە کە ئێرانی پشتیوانیکەری سەرەکی بەشار ئەسەد جێی هێشتووە، ئەمەش لە فراوانبوونێکی کاریگەرییەکانی تورکیادا کە ڕەنگە ببێتە هۆی دروستبوونی ڕکابەری لەگەڵ وڵاتانی کەنداوی عەرەبیدا و ئیسڕائیلیش بخاتە ئامادەباشییەوە.

سەرچاوەکان کە بریتین لە بەرپرسێکی ئاسایشی سوریا و دوو سەرچاوەی ئاسایشی دیمەشق کە لە دەرەوە دەژین و بەرپرسێکی باڵای هەواڵگری ناوچەکە، نەیانویستووە ناوییان ئاشکرا بێت بەهۆی ئەوەی کە مۆڵەت پێدراو نەبوون بە ئاشکرا لێدوان بدەن بۆ ڕاگەیاندنەکان.

ئەمە یەکەمین جارە هەر ڕێککەوتنێکی بەرگری لەلایەن سەرکردە نوێیەکانی سوریاوە و وردەکارییەکانی بنکەکانی تورکیا تیشکییان بخرێتەسەر.

سەرچاوەکان وتییان ڕێککەوتنەکە دەکرێت وابکات تورکیا بنکەی نوێی ئاسمانی لە سوریا دابمەزرێنێت، ئاسمانی سوریا بۆ مەبەستی سەربازیی بەکاربهێنێت، ڕۆڵێکی سەرەکیش ببینێت لە پێدانی مەشق بە سوپای نوێی سوریا.

سەرکردایەتییە نوێیەکەی سوریا سوپای پێشووی وڵاتەکە و چەندین گروپی چەکدارییان هەڵوەشاندەوە، ئێستا کار لەسەر ئەوە دەکەن ئەو گروپە چەکدارییانە بخەنە ژێر سەرکردایەتییەکی نوێی سەربازییەوە.

سەرچاوەکان وتییان پێشبینی ناکرێت ڕۆژی سێشەممە ڕێککەوتنەکە واژۆ بکرێت.

بەرپرسە هەواڵگرییەکەی ناوچەکە و بەرپرسێکی ئاسایشی سوریا و یەکێک لە بەرپرسەکانی ئاسایشی سوریا کە لە دەرەوە دەژی وتییان لە گفتوگۆکاندا باس لە دامەزراندنی دوو بنکەی تورکیایی دەکرێت لە بیابانی بەرفراوانی ناوەڕاستی سوریادا، کە بە بادییە ناسراوە.

بەرپرسێکی سەرۆکایەتی سوریا بە ڕۆیتەرزی وت کە شەرع تاوتوێی " مەشقی تورکیا بە سوپای نوێی سوریا و بوارە نوێیەکانی گەشەپێدان و هاریکاریی " دەکات لەگەڵ ئەردۆغاندا.

بەڕێوبەری ڕاگەیاندنی سەرۆکایەتی تورکیا فەهرەتین ئاڵتون ڕۆژی دووشەممە وتی ئەردۆغان و شەرع تاوتوێی نوێترین پێشهاتەکانی ناو سوریا و ئەگەری گرتنەبەری ڕێوشوێنێکی هاوبەش دەکەن بۆ دووبارە بونیادنانەوە ئابووری سوریا و بە دەستهێنانی جێگیریی و ئاسایش.

بەرپرسێکی وەزارەتی بەرگری تورکیا کە نزیکە لە گفتوگۆکانی نێوان وەزیرانی بەرگری دوو وڵاتەکەوە، بە ڕۆیتەرزی وت کە هیچ زانیارییەکی نیە لەسەر دامەزراندنی بنکە لە سوریا و پێدانی مەشق لەلایەن هێزەکانی تورکیاوە بە هێزەکانی سوریا لە چوارچێوەی ئەگەری ڕێککەوتنێکی بەرگریدا.

سەرچاوەکان وتیشیان ئەو بنکانەی کە قسەیان لەسەر دەکرێت ڕێگە بە تورکیا دەدەن بەرگری لە ئاسمانی سوریا بکات دژی هەر هێرشێک لە داهاتوودا.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG