دوابەدوای ڕاگەیاندنی پێشکەوتنی ئەمەریکا لە پڕۆسەی فرۆشتنی فڕۆکە جەنگییەکانی ئێف 16بە ئەنکەرە بە بڕی 23ملیار دۆلار، بەرپرسێکی وەزارەتی بەرگری تورکیا ڕایگەیاند وڵاتەکەی خوازیاری کڕینی 40 فڕۆکەی یۆرۆفایتەر تایفوونە لە وڵاتانی ئەورووپایی.
تورکیا لە مانگی یانزەدا ڕایگەیاند وڵاتەکە لە گفتوگۆدایە لەگەڵ بەڕیتانیا و ئیسپانیادا بۆ کڕینی فڕۆکەی یۆرۆفایتەر تایفوون، ئەمەش سەرەڕای ئەوەی لەو کاتەدا ئەڵمانیا دژایەتی ئەو بابەتەی دەکرد.
سەرچاوەیەکی وەزارەتی بەرگری تورکیا وتی گفتوگۆکان بۆ کڕینی یۆرۆفایتەر دوای ئەوە دەستییان پێکرد کە تورکیا بۆی دەرکەوت کە داواکەی بۆ کڕینی F-16 لە ئەمەریکا ڕەنگە جێبەجێ نەکرێت، تورکیا لە مانگی 10 ی ساڵی 2021 ەوە داوای کڕینی فڕۆکە جەنگی F16 کردووە لە ئەمەریکا، بەڵام کۆنگرێسی ئەمەریکا بەهۆی چەند هۆکارێکەوە ئەو فرۆشتنەی ڕاگرتبوو.
هەفتەی ڕابردوو بەڕێوبەرایەتییەکەی سەرۆکی ئەمەریکا جۆو بایدن بە فەڕمی کۆنگرێسی ئاگادار کردەوە لە نیازەکانی بۆ بەردەوامبوون لە پڕۆسەی فرۆشتنی 40 فڕۆکەی شەڕکەری F-16 ی کۆمپانیای لۆکهید مارتن و نزیکەی 80 کەلوپەلی نوێکردنەوە بە تورکیا، ئەوەش ڕۆژێک دوای ئەوە بوو کە تورکیا پڕۆسەی پەسەندکردنی ئەندامێتی سویدی لە هاوپەیمانێتی ناتۆدا تەواو کرد.
بەرپرسێکی وەزارەتی بەرگری تورکیا کە نەیوست ناوی ئاشکرا بکرێت وتی سەرەڕای ئەوەی کە ئێستا پێشبینی ناکرێت کۆنگرێسی ئەمەریکا دژایەتی فرۆشتنی ئەو فڕۆکەیە بکات بە تورکیا، ئەنکەرە هێشتا دەیەوێت فڕۆکەی شەڕکەری یۆرۆفایتەر تایفوون بکڕێت.
بەرپرسەکە وتی " ئێمە هێشتا ئەوەمان دەوێت، پێشبینی بۆچوونێکی ئەرێنی ئەڵمانیای ئەندامی کۆنسۆرتیۆم دەکەین لەسەر ئەم پرسە."
فڕۆکەی شەڕکەری یۆرۆفایتەر تایفوون لەلایەن کۆنسیۆرتیومێکەوە دروست دەکرێت کە هەریەک لە ئەڵمانیا و بەڕیتانیا و ئیتاڵیا و ئیسپانیا لە خۆدەگرێت، لەلایەن کۆمپانیاکانی ئێربەس و BAE Systems و لیۆناردۆوە نوێنەرایەتی دەکرێت.
تورکیا کە سوورە لەسەر نوێکردنەوەی هێزە ئاسمانییەکەی، لە هەمان کاتیشدا هەوڵی دروستکردنی فڕۆکەیەکی شەڕکەری تایبەت بە خۆی دەدات بە ناوی کانەوە، بە هاریکاری لەگەڵ BAE دا.
سەرچاوە/ ڕۆیتەرز