سەرۆکی تورکیا ڕەجەب تەیب ئەردۆغان لە بڕیاری دەرکردنی 10 دیبلۆماتکارەکەی وڵاتانی ڕۆژئاوا پاشگەزبۆوە.
پاشگەزبوونەوە لە بڕیارەکە دوای ئەوە هات ئەمەریکا و کۆمەڵێک وڵاتی دیکە بەیاننامەی هاوشێوەیان دەرکرد و وتیان ڕێزیان لە بڕیارەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان گرتووە کە تیایدا داوا لە دیبلۆماتکارەکان دەکرێت دەست وەرنەدەنە کاروباری ناوخۆی ئەو وڵاتەوە کە کاری تیادا دەکەن.
دوای سەرکردایەتیکردنی کۆبوونەوەیەکی دورودرێژ لەگەڵ ئەندامانی حکومەتەکەیدا، ئەردۆغان وتی نوێنەرانی وڵاتانی دەرەوە لەم وانەیەوە فێر بوون و " لە ئێستا بەدواوە وریاتر دەبن."
ئەردۆغان وتی " بەدڵنیاییەوە نیازمان قەیران دروست کردن نیە، بەڵکو پاراستنی مافی سەربەرزی سەروەری و ناوبانگمانە."
ڕۆژی پێنجشەممە ئەردۆغان هەڕەشەی لە باڵیۆزەکانی وڵاتانی ڕۆژئاوا کرد و دواتر وتی ئەو 10 دیبلۆماتکارە لە وڵاتەکە نەخوازراون.
دیبلۆماتکاران وتیان دەرکردنەکان بێپێشینە دەبوون لە پەیوەندییەکانی نێوان وڵاتانی ڕۆژئاوا و تورکیای ئەندام لە هاوپەیمانێتی ناتۆدا.
بڕیارەکەی تورکیا بۆ دەرکردنی دیبلۆماتکارەکان دوای ئەوە هات ئەمەریکا و ئەڵمانیا و هەشت وڵاتی دیکە بەیاننامەیەکی هاوبەشیان بڵاوکردەوە و تیایدا داوای ئازادکردنی ڕابەری کۆمەڵگەی مەدەنی تورکیا عوسمان کاڤالایان کرد.
جێی ئاماژەیە ماوەی چوار ساڵە کاڤالا لە زینداندایە، ئەمەش بەبێ ئەوەی لە دادگا تۆمەتبار بکرێت.
ئەردۆغان کاڤالای تۆمەتبار کردووە بەوەی لەڕووی داراییەوە پشتیوانی لە خۆپیشاندانەکانی ساڵی 2013 ی دژ بە حکومەت کردووە و ڕۆڵی هەبووە لە کودەتاکەی ساڵی 2016 دا.
سەرچاوە/ فرانس پرێس