وەزیری دەرەوەی تورکیا هاکان فیدان ڕایگەیاند وەزیرانی دەرەوەی سۆماڵ و ئیتیوپیا هەفتەی داهاتوو لە ئەنکەرە کۆدەبنەوە بە مەبەستی تاوتوێکردنی ناکۆکییەکانییان لەسەر ڕێککەوتنێکی بەندەرەکە کە ئادیس ئابابا پێشتر لەم ساڵدا لەگەڵ هەرێمی سۆماڵیالانددا واژۆی کردووە، هەرێمەکە لە سۆماڵ جیابووەتەوە.
تورکیا ئێستا نێوەندگری دەکات لە گفتوگۆکانی نێوان دوو دراوسێکەی ڕۆژهەڵاتی ئەفریکادا، کە پەیوەندییەکانی نێوانییان لە مانگی یەکدا گرژی تێکەوت کاتێک ئیتیوپیا ڕازیبوو 20 کیلۆمەتری کەناری سۆماڵیلاند بە کرێ بگرێت، لە بەرامبەر داننان بە سەربەخۆیی سۆماڵیلانددا.
سۆماڵ وتی ڕێککەوتنەکە نایاساییە و بە دەرکردنی باڵیۆزی ئیتیوپیا وەڵامی دایەوە و هەڕەشەی دەرکردنی هەزاران سەربازی ئیتیوپیایی کرد کە لە وڵاتەکەدا جێگیرکراون بۆ یارمەتیدانی سۆماڵ لە شەڕەکەیدا دژی ئیسلامییە یاخیبووەکان.
مانگی ڕابردوو وەزیرانی دەرەوەی سۆماڵ و ئیتیوپیا لە ئەنکەرە کۆبوونەوە و فیدانیش ئامادە بوو، تاوتوێی ناکۆکییەکانیان کرد و ڕێککەوتن لەسەر ئەنجامدانی خولێکی دیکەی گفتوگۆکان.
فیدان لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا لە ئەستەنبوڵ وتی خولی دووەمی گفتوگۆکانی نێوان سۆماڵ و ئیتیوپیا هەفتەی داهاتوو لە ئەنکەرە بەڕێوەدەچێت.
ڕاگەیاندنەکەی فیدان هەفتەیەک دوای ئەوە هات سەردانی ئادیس ئابابای کرد و لەگەڵ سەرۆک وەزیری ئیتیوپیا ئابی ئەحمەددا کۆبووەوە.
فیدان وتی " لەگەڵ سەرۆک وەزیر ئابیدا بە وردەکارییەوە تاوتوێی ئەم کێشانەمان کرد."
وتیشی " گرژییەکانی نێوان سۆماڵ و ئیتیوپیا کۆتایی دێن لەگەڵ دەستڕاگەیشتنی ئیتیوپیا بە دەریاکان لە ڕێی سۆماڵەوە ئەگەر ئیسیوپیا دان بنێت بە سەروەریی سیاسیی و یەکپارچەیی خاکی سۆماڵدا."
لەم چەند ساڵەی ڕابردوودا تورکیا بووەتە هاوپەیمانێکی نزیکی حکومەتی سۆماڵ. ئەنکەرە قوتابخانە و نەخۆشخانە و ژێرخانی لە سۆماڵ دروست کردووە و پڕۆگرامی خوێندنی پێشکەشکی سۆماڵییەکان کردووە تاوەکو لە تورکیا بخوێنن.
لە ساڵی 2017 دا تورکیا گەورەترین بنکەی سەربازیی خۆی لە دەرەوە لە مەقادیشۆ کردەوە. پێشتریش لەم ساڵدا تورکیا و سۆماڵ ڕێککەوتنێکی هاریکاری بەرگری و ئابوورییان واژۆ کرد.
بڕیاریشە ئەنکەرە پشتیوانی دەریایی بۆ ئاوەکانی سۆماڵ ڕەوانە بکات، ئەوەش دوای ئەوەی دوو وڵاتەکە ڕێککەوتن لەسەر ئەوەی ئەنکەرە کەشتییەکی گەڕان و دۆزینەوە ڕەوانەی دەرەوەی کەناری سۆماڵ بکات بۆ دۆزینەوەی نەوت و گاز.
سەرچاوە/ دەنگی ئەمەریکا، ڕۆیتەر