Accessibility links

بەرپرسێکی باڵای تورکیا: تورکیا کەشتییە ڕووسییەکەی ڕاگرتووە و لێکۆڵینەوە لە بانگەشەکانی ئۆکرانیا دەکات


بەرپرسێکی باڵای تورکیا دەڵێت تورکیا کەشتییەکی بارهەڵگری ڕووسیای لە کەناراوەکانی دەریای ڕەش ڕاگرتووە و لێکۆڵینەوە لە بانگەشەکانی ئۆکرانیا دەکات کە دەڵێت ئەو کەشتییە ڕووسییە گەنمی دزراوی ئۆکرانیای هەڵگرتووە.

ڕۆژی یەکشەممە باڵیۆزی ئۆکرانیا بۆ تورکیا وتی کەشتییە ڕووسییەکە لەلایەن بەرپرسانی گومرگی تورکیاوە دەستی بەسەرداگیراوە. پێشتر ئۆکرانیا داوای لە تورکیا کردبوو کەشتییەکە بگرێت.

ئۆکرانیای ڕووسیای بە تۆمەتی دزینی گەنمی ئۆکرانیا لە ناوچە داگیرکراوەکانی وڵاتەکە تۆمەتبار کردووە. کرێملنیش پێشتر ڕەتی کردۆتەوە ڕووسیا گەنمی ئۆکرانیای دزی بێت.

بەرپرسێکی باڵای تورکیا گوتی " لەسەر داواکان، کەشتیەکە کە ناوی ژیبیک ژۆلییە لە بەندەری کاراسو ڕاگیراوە. تۆمەتەکان بەچڕی لێکۆڵینەوەیان لێدەکرێت. لەسەر گەنمەکە نەنوسراوە گەنمی کوێیە."

گوتیشی تورکیا لەم بارەیەوە لە پەیوەندییدایە لەگەڵ ڕووسیا و نەتەوە یەکگرتووەکان لایەنەکانی سێیەمدا.

باڵیۆزی ئۆکرانیا بۆ تورکیا ڤاسیل بۆدنار وتی ڕۆژی دووشەممە چارەنووسی کەشتییەکە لە کۆبوونەوەیەکی لێکۆڵەرەوەکاندا بڕیاری لەسەر دەدرێت، وتیشی ئۆکرانیا هیوادارە ئەو گەنمەی لە کەشتییە ڕووسییەکەدا بووە دەستی بەسەردابگیرێت.

ڕۆژی یەکشەممە بەرپرسێکی وەزارەتی دەرەوەی ئۆکرانیا لە زاری زانیارییەکانی بەڕێوبەرایەتی هاتوچۆی دەریایی ئۆکرانیاوە بە ڕۆیتەرزی وت ڕۆژی هەینی کەشتییە بارهەڵگرەکەی ڕووسیا یەکەمین باری هەڵگرتووە کە نزیکەی 4,500 تەن گەنمی ئۆکرانیا بووە لە بێردیانسک، بێردیانسک شارێکی داگیرکراوی ئۆکرانیایە و دەکەوێتە باشووری وڵاتەکەوە.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG