وەزیری دەرەوەی تورکیا هاکان فیدان ڕۆژی یەکشەممە لە کۆتایی کۆڕبەندێکی دیبلۆماتیدا لە شاری ئەنتاڵیای باشووری تورکیا وتی تورکیا دەخوازێت گفتوگۆکان بۆ ئاگربەستێک لە ئۆکرانیا بەمزووانە دەستپێبکەن.
ڕۆژی هەینی لە پەراوێزی کۆڕبەندی دیبلۆماتی ئەنتاڵیادا هاکان فیدان لەگەڵ وەزیری دەرەوەی ڕووسیا سێرگێی لاڤرۆڤدا کۆبووەوە. فیدان بە ڕۆژنامەنووسانی وت لەگەڵ لاڤرۆڤدا تاوتوێی چەندین پرسییان کردووە، بە ئۆکرانیاشەوە.
فیدان وتی " لەسەر پرسی ئۆکرانیا، بۆچوونی ئێمە ئەوەیە کە هەردوولا گەیشتوونەتە سنووری تێپەڕاندنی جەنگ. پێمان وایە ئێستا کاتی دەستپێکردنی گفتوگۆیەکە بۆ ئاگربەست."
وتیشی " ئەوە بە مانای ئەوە نا دان بنێیت بە داگیرکارییەکەی ' ڕووسیا ' دا، بەڵام پرسەکانی سەروەری خاک و ئاگربەست دەبێت بە جیا تاوتوێ بکرێن."
تورکیای ئەندام لە ناتۆ، سنوورێکی ئاویی لە دەریای ڕەشدا لەگەڵ ڕووسیا و ئۆکرانیاشدا هەیە، لە دوای دەستپێکردنی داگیرکارییەکەی ڕووسیاوە دوو ساڵ لەمەوبەر لە ئۆکرانیا، ئەنکەرە هەوڵیداوە پەیوەندییە باشەکانی لەگەڵ هەردوو وڵاتەکەدا بپارێزێت.
ئەنکەرە پشتیوانی سەربازیی بۆ ئۆکرانیا دابین کردووە و پشتگیری خۆی بۆ سەروەری و یەکپارچەیی خاکی ئۆکرانیا دەربڕیوە، بەڵام لە هەمان کاتیشدا دژایەتی ئەو سزایانە دەکات کە سەپێندراون بەسەر ڕووسیادا.
فیدان وتی " کوژران و برینداربوونی زیاتر لە 500,000 کەس و وێرانبوونی تەواویی ژێرخانەکانی وڵاتێک ڕاستییەک نیە کە ئێمە بتوانین بەرگەی بگرین."
وتی " ئەمە دەبێت بە شێوەیەک لە شێوەکان بوەستێت. بۆ ڕاگرتنی ئەمە، دەبێت گفتوگۆیەک هەبێت و هەمووانیش دەبێت خۆیان لەگەڵ ئەو بیرۆکەیەدا ڕابهێنن."
سەرچاوە/ ڕۆیتەرز