Accessibility links

هەفتەی شانازی هاوڕەگەزخوازان لە تورکیا زیاتر سەبارەت بە بەرخۆدانە وەک لە ئاهەنگگێڕان


بۆ ئایریس مۆزالار کە گەنجێکی هاوڕەگەزخوازە و لە ئیستەنبوڵ دەژی، هەفتەی شانازیی هاوڕەگەزخوازن " زیاتر سەبارەت بە بەرخۆدانە وەک لە ئاهەنگگێڕان "، ئەمەش بەهۆی حکومەتە پارێزگارەکەی تورکیاوە کە بە ئاشکرا دژایەتی کۆمەڵگەی هاوڕەگەزخوازان دەکات.

مۆزالاری تەمەن 24 ساڵ پێش دەستپێکردنی هەفتەی شانازیی هاوڕەگەزخوازان بە ئەسۆشیەتد پرێسی وت " ئەوەی ئێمە کۆششکردنە بۆ ڕزگاربوون،" حکومەتەکەی تورکیا هەمیشە ئەو ئاهەنگانەی قەدەغە کردووە.

سەرۆکی تورکیا ڕەجەب تەیب ئەردۆغان و هاوپەیمانەکانی ساڵی ڕابردوو لە ماوەی هەڵمەتەکانی هەڵبژاردندا کۆمەڵگەی هاوڕەگەزخوازانییان کرد بە ئامانجە خوازراوەکەیان، دژی هاوڕەگەزخوازان قسەیان کرد و وەکو هەڕەشەیەک بۆ سەر بەها نەریتییەکانی خێزان ناوییان بردن، چالاکەوانانیش دەڵێن ئەوە بووەتە هۆی زیادبوونی توندوتیژییەکان دژی هاوڕەگەزخوازان.

مۆزالار وتی " ئێمە کۆشش دەکەین دژی پۆلیس، دژی دەزگای ئاسایشی وڵات."

وتی " لەبەرئەوەیە ناتوانم هەرگیز شانازی هاوڕەگەزخوازان وەکو ئاهەنگ سەیر بکەم، چونکە بە ڕاستی ئێمە ئەوەندە شتمان نیە ئاهەنگییان بۆ بگێڕین."

مۆزالار لە شاری مێرسینی باشووری ڕۆژهەڵاتی تورکیا گەورە بووە و لەلایەن هاوپۆل و مامۆستاکانییان گاڵتەی پێکراوە کاتێک کە زانیویانە مۆزالار جیاوازە.

مۆزالار نەیتوانیوە بە ڕاستی بزانێت چییەتی تاوەکو تەمەنی 17 ساڵی، کاتێک سەیری ئاوێنەکەی کردووە و بۆ یەکەمین جار ڕاستەقینەی خۆی بینیوە.

وتی " هەرگیز ناتوانم ئەو ساتە لە بیر بکەم کاتێک سەیری ئاوێنەکەم کرد و دانم پێدانا کە بەڵێ من ژنم."

مۆزالار دوای ئەوە بە ماوەیەکی کورت گواستییەوە بۆ ئیستەنبوڵ، لەوێ دەستیکردووە بە پڕۆسەی گۆڕینی جەستەی خۆی بۆ ژن، کە ئەوەش لە تورکیا پڕۆسەیەکی زۆر قورسە، بۆ ماوەی چەندین مانگ دەبێت سەردانی پزیشکە جیاوازەکان بکات.

تەنها دادگا دەتوانێت مۆڵەت بدات لەسەر گۆڕینی ڕەگەز لە ڕێی نەشتەرگەرییەوە، مۆزالار دوای ئەوەی ئەو مۆڵەتەی دەستکەوت، یەک ساڵ خەریکی کۆکردنەوەی 90,000 لیرەی تورکیایی بووە بۆ نەشتەرگەرییەکەی، لەو کاتەدا ئەو بڕە پارەیە 30 هێندەی بڕە پارەی کرێکەی بووە.

وتی ئەمڕۆ هەمان نەشتەرگەری 700,000 لیرەی تێدەچێت، ئەوەش بڕێکی زۆر زۆرە بۆ زۆربەی هاوڕەگەزخوازان، کە زۆربەیان کەمترین موچەیان هەیە.

سەرەڕای نەشتەرگەرییەکە، مۆزالار هێشتا ئاسوودە نیە لەگەڵ چەند بەشێکی جەستەیدا، " پێیەکانم و درێژیی دەستەکانم "، بەڵام توانیویەتی جوانی جەستەی خۆی ببینێت.

سەرەڕای ئەوەی دواجار هەستی بە ئاسوودەیی کردووە لەسەر ئەوەی کە خۆی کێیە، هێشتا کۆمەڵگە بەربەستە.

وتی " ئەوە ئاستەنگێکی زۆر گەورەیە لەبەردەم هاوڕەگەزخوازاندا لە تورکیا."

وتی " ئیستەنبوڵ شارێک نیە دۆستی هاوڕەگەزخوازان بێت. هیچ شارێکی لەوشێوەیە لە تورکیادا بوونی نیە." وتیشی بە دەگمەن هەست بە پارێزراویی دەکات لە شەقامەکاندا.

مۆزالار بە ئەسۆشیەتد پرێسی وت " هەندێک ڕۆژ ناچم بۆ بازاڕکردن چونکە دەزانم هەر کە چوومە ئەودیو دەرگاکەوە بێزار دەکرێم. زۆربەی هاوڕەگەزخوازان لە ژیانی ئاسایی کۆمەڵایەتی دوورخراونەوە." وتیشی شەوان تەنها بە تەکسی هاتوچۆ دەکات.

سەرەڕای سەختی و قورساییەکانی بەردەمی، مۆزالار هەوڵی جێهێشتنی تورکیا نادات بۆ شوێنێکی دیکە.

وتی " لە تورکیا لە دایک بووم و گەورە بووم و باوەڕم وایە کە کارێک هەیە لێرە دەبێت بیکەم."

وتیشی " هیوادارم ئەو ڕۆژە ببینین کە ئاهەنگی شانازی هاوڕەگەزخوازان لە تورکیا چیتر یاخیبوون نەبێت و تەنها ئاهەنگگێڕان بێت."

سەرچاوە/ دەنگی ئەمەریکا، ئەسۆشیەتد پرێس

XS
SM
MD
LG