Accessibility links

تورکیا پلانێک ئاشکرا دەکات بۆ کۆنتڕۆڵکردنی خەرجییەکان و زیادکردنی کارایی لە کەرتی گشتیدا


تورکیا لە ڕێی پلانێکی پاشەکەوتکردنەوە کە ڕۆژی دووشەممە ڕایگەیاند، هەوڵ دەدات خەرجی گشتی کۆنترۆڵ بکات و کارایی زیاد بکات بکات و تەنها پڕۆژەی گرنگی وەبەرهێنانی دەوڵەتی ڕاگەیاند لە هەنگاوێکی نوێدا بۆ بونیادنانی متمانە لە پڕۆگرامێکی توندکردنەوەی ئابووریدا.

هەنگاوەکان کە لەلایەن جێگری سەرۆکی تورکیا جەودەت یەڵماز و وەزیری دارایی تورکیا مهەمەت سیمسەک ڕاگەیاندران، لە کاتێکدایە کە تورکیا دەگەڕێتەوە سەر سیاسەتە ئۆرسۆدۆکسەکانی، هەوڵ دەدات ڕێکخستنی دارایی و جێگیریی نرخەکان پتەو بکات، ئەمەش دوای چەندین ساڵ لە بێسەروبەریی کە بووە هۆی هەڵاوسانی ئابووریی وڵاتەکە.

بەپێی پێشبینییەکانی بانکی ناوەندی تورکیا، هەڵاوسانی ئابووریی ساڵانە لە مانگی چواردا گەیشتە %69.8 و پێشبینی دەکرێت لە مانگی پێنجدا بگاتە لوتکە بە ڕێژەی %75-76 ، لە کۆتایی ساڵەکەشدا دادەبەزێت بۆ %38.

لەم پلانە نوێیەی تورکیادا کە بریتییە لە کۆمەڵێک ڕێوشوێنی پاشەکەوتکردن، سیمسەک وتی بۆ ماوەی سێ ساڵ کڕینی ئوتومبێلی نوێ و بە کرێگرتنییان و دروستکردنی بینای نوێ بۆ دامەزراوە گشتییەکان ڕادەگیرێن.

وتی " دەمانەوێت لە ڕێی ڕێکخستنی داراییەوە بناغەکانی ئابووریی وڵاتەکەمان پتەوتر بکەن."

وتیشی " ئاڕاستەکردنی وەبەرهێنانەکان بۆ بوارە کاریگەرەکان بەشێکی گرنگ دەبن لەم پاکێجەدا. چاکسازییە پێکهاتەییەکان خێراتر دەکەین و چاکسازییەکی زۆر لە دارایی گشتیدا دەکەین."

وتی پاشەکەوتکردن لە کەرتە گشتییەکانی کار و وزە و بەڕێوەبردنی زبڵەکان و پەیوەندییەکانیشدا دەکرێت، بەڵام ئاماژەی بەوە نەدا بڕی ئەو پاشەکەوتە چەند دەبێت.

بودجەی دامەزراوەکانی دەوڵەت بۆ کڕینی شتومەک و خزمەتگوزارییەکان بە ڕێژەی لە %10 کەم دەکرێنەوە و بودجەی وەبەرهێنانەکانیش بە ڕێژەی لە %15 کەم دەکرێنەوە، ژمارەی کارمەندانی نوێی گشتیش کەم دەکرێنەوە بۆ ئاستی ژمارەی ئەو کارمەندانەی کە خانەنشین دەکرێن.

سیمسەک وتی " ئەمڕۆ بەم هەنگاوی سیاسەتی داراییەمان یارمەتیدەر دەبین لە کەمکردنەوەی ڕێژەی هەڵاوساندا. ئامانجمان پاشەکەوتکردنی پارەیە لە ڕێی زیادکردنی کاراییەوە لە کەرتی گشتیدا."

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG