وەزیری بەرگری تورکیا دەڵێت تورکیا بە تەواوەتی پابەندە بە بەرپرسیارێتییەکانیەوە لە هاوپەیمانێتی ناتۆدا، ئەوەش لە نێوەندی نیگەرانییەکانی هەندێک لە وڵاتانی ڕۆژئاوادا لەسەر ئەوەی ئەنکەرە ڕەنگە دووربکەوێتەوە لە ڕۆژئاوا.
مانگی ڕابردوو سەرۆکی تورکیا ڕەجەب تەیب ئەردۆغان وتی تورکیا دەیەوێت ببێتە هاوبەشێک لە ڕێکخراوی هاریکاری شەنگهایدا، کە ڕێکخراوێکی ئاسایشی و ئابووری و سیاسییە و لە ساڵی 2001 دا لەلایەن ڕووسیا و چین و وڵاتانی ناوەڕاستی ئاسیاوە پێکهێندرا بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی هاوپەیمانێتییە ڕۆژئاواییەکان.
وەزیری بەرگری تورکیا یاشار گولەر لە چاوپێککەوتنێکدا وتی ئەندامێتی تورکیا لە ناتۆ ڕێگری لێناکات لە گەشەدان بە پەیوەندییەکانی لەگەڵ ڕێکخراوی هاریکاری شەنگهایدا.
وتی " جگە لەوە، ئێمە بە تەواوەتی پابەندی بەرپرسیارێتییەکانمانین لە ناتۆ وەکو هاوپەیمانێکی گرنگ و پتەوکردنی هاودەنگی لەگەڵ هاوپەیمانەکانماندا. سەنگمان دەبێت ئەوە بێت کە ناتۆ ئامادە بێت و بەهێز بێت."
گرنگیدانی تورکیا بە گروپی بریکس و پەیوەندییە دۆستانەییەکەی لەگەڵ ڕووسیادا بە تایبەتی لە بوارەکانی وزە و گەشتیاری و بەرگریدا، بوونەتە هۆی کەوتنەوەی ترس و نیگەرانی لە نێو وڵاتانی ڕۆژئاوادا کە دەترسن تورکیا دووربکەوێتەوە. بەڵام ئەنکەرە چەندین جار وتوویەتی کە هاوپەیمانێکی ناتۆی پابەندە.
لە ساڵی 2019 دا دوای ئەوەی لەلایەن ئەمەریکاوە سزای بەسەردا سەپێندرا و لە پڕۆگرامی دروستکردنی فڕۆکەی شەڕکەری F-35 دەرکرا، بەهۆی کڕینی سیستمی بەرگری ئاسمانی S-400 ی ڕووسیاییەوە، تورکیا هەوڵیداوە 40 فڕۆکەی شەڕکەری F-16 و 79 کەلوپەلی نوێکردنەوە لە واشنتن بکڕێت. ئەو هەنگاوەش لەلایەن ئەمەریکاوە پەسەند کرا، بەڵام دوای ئەوەی کە تورکیا ئەندامێتی سویدی لە ناتۆدا پەسەند کرد.
گولەر وتیشی تورکیا دەیەوێت 40 فڕۆکەی یۆرۆفایتەر تایفوون لە ئەڵمانیا و بەڕیتانیا و ئیسپانیا بکڕێت، بەڵام تاوەکو ئێستا هیچ بەرەوپێشچوونێک لەو بارەیەوە نەبووە و هیوای خواست هاوپەیمانەکانی وەڵامێکی ئەرێنییان هەبێت.
سەرچاوە/ ڕۆیتەرز
وەزیری بەرگری تورکیا دەڵێت وڵاتەکە بە تەواوەتی پابەندە بە ناتۆوە