Accessibility links

ئەردۆگان: تورکیا ئامادەیە ئاسایشی مەنبجی سوریا بگرێتە ئەستۆ


سەرۆکایەتی تورکیا لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند سەرۆکی تورکیا ڕەجەب تەیب ئەردۆگان لەمیانەی پەیوەندییەکی تەلەفونیدا بە سەرۆکی ئەمەریکا دانۆڵد ترامپی ڕاگەیاندووە تورکیا ئامادەیە ئاسایشی ناوچەی مەنبجی سوریا بگرێتە ئەستۆ کە هەفتەی ڕابردوو لەو ناوچەیە لە ئەنجامی تەقینەوەیەکدا چوار ئەمەریکی کوژران و ڕێکخراوی داعش بەرپرسیارێتی هێرشەکەی ڕاگەیاند.

ئەردۆگان بە سەرۆک ترامپی وتووە کردەوە خۆکوژییەکەی مەنبج کارێکی ئیستیفزازی بووە و ئامانج لێی ئەوە بووە کار بکاتە سەر بڕیارەکەی سەرۆک ترامپ بۆ کشانەوە لە سوریا.

جێی ئاماژەیە لە 19 ی مانگی دوانزەی ساڵی ڕابردوودا سەرۆکی ئەمەریکا دانۆڵد ترامپ بڕیاریدا هەموو هێزەکانی ئەمەریکا لە سوریا بکشێنەوە.

کۆشکی سپی ئاماژەی بە پێشنیارەکەی ئەردۆگان نەکرد بەڵام وتی هەردوو سەرۆک ڕێکەوتوون لەسەر ئەوەی بەردەوام بن لە فشارکردن لەپێناو گەیشتن بە چارەسەرێک لەڕێی دانوستانەکانەوە.

وتەبێژی کۆشکی سپی سارە ساندەرز سەبارەت بە پەیوەندییەکە وتی " سەرۆک ترامپ جەختی لە گرنگی شکستپێهێنانی تیرۆر کردۆتەوە لە ناوچەکەدا."

وتیشی " هەردوو سەرۆک ڕێکەوتوون لەسەر بەردەوامی پێدانی فشارەکان لەپێناو گەیشتن بە چارەسەرێکدا لەڕێی دانوستانەکانەوە. هەروەها گفتوگۆیان لەسەر بەرژەوەندییە هاوبەشەکانیان کرد بۆ پتەوکردنی پەیوەندییە بازرگانییەکانی نێوان ئەمەریکا و تورکیا."

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG