Accessibility links

تورکیا دەڵێت لەگەڵ وڵاتانی دراوسێیدا شەڕی دژ بە داعش دەکات لە سوریادا


هاکان فیدان
هاکان فیدان

وەزیری دەرەوەی تورکیا هاکان فیدان دەڵێت تورکیا و سوریا و عێراق و ئوردن پێکەوە شەڕ لەگەڵ پاشماوەکانی ڕێکخراوی داعشدا دەکەن، فیدان وتیشی ئەم هەنگاوە وادەکات ئەمەریکا پەیوەندییەکانی لەگەڵ هێزە کوردییەکانی ناو سوریادا ببڕێت.

تورکیا یەکینەکانی پاراستنی گەلی کورد بە درێژکراوەیەکی پارتی کرێکارانی کوردستان دەزانێت، هاوکات ئەمەریکا پشتیوانی لەو هێزانە دەکات کە سەرکردایەتی هێزەکانی سوریای دیموکراتیک دەکەن و ڕۆڵێکی گرنگییان هەبووە لە شەڕی دژ بە ڕێکخراوی تیرۆریستی داعشدا لە سوریا و شان بە شانی هێزە تایبەتەکانی ئەمەریکا دژی ئەو ڕێکخراوە تیرۆریستییە شەڕییان کردووە. لە ئێستاشدا پاسەوانی ئەو زیندانانەی باکووری ڕۆژهەڵاتی سوریا دەکەن کە هەزاران چەکداریی داعشییان تێدا بەندکراوە.

فیدان وتی " کێشە بنچینەییەکە ئەوەیە کە یەکینەکانی پاراستنی گەلی کورد پاسەوانی زیندانەکانی داعشییان کردووە و لە زینداندا هێشتوویاننەتەوە، هیچ شتێکی دیکە ناکەن."

وتی " لەبەرئەوە تورکیا و عێراق و سوریا و ئوردن پێویستە پێکەوە شەڕی داعش بکەن. ئێمە لە تواناماندا هەیە ئەوە بکەین و بە ویستی خودا ئەمە ئەو هەنگاوەیە کە لە داهاتوویەکی نزیکدا وەکو چوار وڵات دەیگرینەبەر."

ئەمەریکا نزیکەی 2000 سەربازی لە سوریادا هەیە کە شان بە شانی هێزەکانی سوریای دیموکراتیک و یەکینەکانی پاراستنی گەلی کورددا دژی ڕێکخراوی تیرۆریستی داعش شەڕ دەکەن.

سەرۆک ترامپ لە خولی یەکەمی سەرۆکایەتییەکەیدا وتی سەرجەم هێزەکانی ئەمەریکا لە سوریا دەکشێنێتەوە، ئەوەش بووە هۆی ئەوەی تورکیا لە ساڵی 2019 دا هێرش بکاتە سەر یەکینەکانی پاراستنی گەلی کورد.

سەرچاوە/ AP/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG