چاودێرانی سیاسی به پێی شێوه‌ی ڕوانینیان بۆ قه‌یرانی به‌رده‌وامی شه‌ڕ نێوانی تورکیا و گه‌لی کورد له ئه‌و وڵاته، لێکدوانی جۆراوجۆریان بۆ شرۆڤه‌کردنی ڕه‌وشه‌که هه‌یه. گۆڕانی تاکتیکی شه‌ڕ له لایه‌ن پ‌ک‌ک وه و له هه‌مان کاتدا خواستی ئه‌ردۆغان بۆ درێژه‌دان به ئه‌و شه‌ڕه بۆ ده‌ستبه‌رکردنی به‌رژه‌وه‌ندییه‌کانی خۆی هه‌ندێک پرسیاری نوێ دێنێته ئاراوه.
ده‌رئه‌نجامی ئه‌و شه‌ڕه چی ده‌بێت؟ پێدوایستییه‌کانی ڕاوه‌ستانی شه‌ڕه‌که کامانه‌ن؟ لایه‌نی سیاسی کوردی چه‌ند له به‌رامبه‌ر ئه‌و ڕه‌وشه‌دا به‌رپرسه و چی له ده‌ست دێت بۆ گه‌ڕاندنه‌وه‌ی به‌رپرسیاریه‌تی پرسی کورد له شاخه‌وه بۆ شار؟ کۆمه‌ڵگای مه‌ده‌نی تۆرکیا و لایه‌نه دێمۆکڕاسی خوازه‌کانی تورک له ئه‌م پێوه‌ندییه‌دا ده‌توانن چی بکه‌ن؟
دوکتور عه‌باسی وه‌لی مامۆستای زانستگه‌لی سیاسی و کۆمه‌ڵایه‌تی له زانکۆی بۆغاسچی ئیستانبۆڵ له سه‌ر ئه‌و باوه‌ڕه‌یه که ئه‌گه‌رچی به‌رده‌وامی شه‌ڕ له نێوان دوو لایه‌نه‌که له درێژخایه‌ندا قازانجی هیچ لایه‌نێكی تێدا نیه به‌ڵام لایه‌نی کوردی ده‌بێت بۆ پاراستنی ده‌ستکه‌وته‌کانی له ئه‌و وڵاته هه‌وڵی بخاته گه‌ڕه‌وه بۆ دۆزینه‌وه‌ی ڕێگای ده‌ربازبوون له ئه‌و بۆن به‌سته.
دوکتور وه‌لی ده‌ڵێت: "پڕۆژه‌ی ئه‌تونۆمی دێمۆکڕاتیکی پ‌ک‌ک ده‌توانێت پڕۆژه‌یه‌کی باش بێت، به‌ڵام ئامراز و ئه‌سبابی جێبه جێکردنی ئه‌و پڕۆژه‌یه شه‌ڕی چه‌کداری و هه‌ڵکه‌ندنی خه‌نده‌ق و ئه‌وانه له شاره‌کانماندا نیه. ئه‌وه ته‌نیا ده‌بێته هۆی پته‌وکردنی بنه‌ماکانی ده‌سه‌ڵاتی تاکه‌که‌سی و زۆرداری ئه‌ردۆغان. به باوه‌ڕی من سیاسه‌تی پڕۆژه‌ی ئۆتۆنومی دێمۆکڕاتیک ده‌بێت له لایه‌ن کۆمه‌ڵگای مه‌ده‌نیه‌وه ده‌بێت کاری بۆ بکرێت و له پڕۆژه‌ی سیاسی دێمۆکڕاتیکدا دابمه‌زرێندرێت."
دوکتور وه‌لی هه‌روه‌ها ده‌ڵێت: "پێویسته جه‌خت له‌وه بکه‌مه‌وه که ئه‌وه ڕاسته که ئه‌و هێزانه‌ی نوێنه‌رایه‌تی بزووتنه‌وه‌ی کوردیان کردوه و ده‌یکه‌ن له زۆربه‌ی نمونه‌کاندا تووشی شه‌ڕبوون و بۆ خۆیان شه‌ڕخواز نه‌بون، به‌ڵام ئێستا له تورکیا پ‌ک‌ک ده‌بێت ڕێگایه‌ک بدۆزێته‌وه بۆ ئه‌وه‌ی له‌و شه‌ره‌ی به سه‌ریاندا سه‌پاوه ده‌رباز بێت. هه‌م پ‌ک‌ک و هه‌م ده‌سه‌ڵاتی تورکیا ده‌زانن له بۆن به‌ستێکدا گیریان کردووه و ده‌شزانن کێشه‌ی کورد له ئه‌و وڵاته به شه‌ڕ چاره‌سه‌ر ناکرێت، به‌ڵام ئه‌ردۆغان بۆ دابینکردنی به‌رژه‌وه‌ندییه تاکه‌که‌سیه‌کانی خۆی له هه‌ل و مه‌رجی ئێستادا حه‌ز له به‌ردوام بوونی شه‌ڕه‌که ده‌کات و پ‌ک‌ک‌ش ده‌یه‌وێت به به‌ربڵاوکردنی شه‌ڕه‌که گوشاری سوپای تورکیا له سه‌ر ناوچه کوردنشینه‌کان که‌م بکاته‌وه هه‌ر چه‌ند ده‌شزانێت به‌ربڵاوکردنی شه‌ڕ له تورکیا کێشه‌ی کورد چاره‌سه‌ر ناکات."
دوکتور وه‌لی ده‌ڵێت که ده‌بێت سیاسه‌تی کوردی بگه‌ڕێته‌وه بۆ ناوکۆمه‌ڵگای مه‌ده‌نی و حیزبه کوردییه‌کان چالاکی بۆ بکه‌ن و هه‌ر جۆرێک ده‌بێت پێویسته ده‌ستکه‌وته سیاسییه‌کانی کورد له ئه‌و وڵاته بپارێزرێت.
دوکتور عه‌باس وه‌لی هه‌روه‌ها له سه‌ر ئه‌و باوه‌ڕه‌یه که ه‌د‌پ گه‌وره‌ترین ده‌ستکه‌وتی سیاسه‌تی کورد له تورکیا له 50 ساڵ و ڕه‌نگه له 100 ساڵی ڕابردوودا بووبێت و هه‌رچه‌ند به داخه‌وه زۆر لاواز بووه، به‌ڵام ده‌بێت ئه‌و ده‌ستکه‌وته بپارێزرێت و له مه‌یدانی سیاسه‌ت دا بمێنێته‌وه. شه‌ڕی پ‌ک‌ک له گه‌ڵ سۆپای تۆرکیا له نێوان دوو هه‌ڵبژاردنه‌که‌ی مانگی 6 و 11 زۆر به قازانجی ئه‌ردۆغان بوو و زیانی زۆری بۆ گه‌لی کورد لێکه‌وتوه و یه‌ک له هۆکاره سه‌ره‌کییه‌کانی لاوازبوونی ه‌د‌پ بوو و پ‌ک‌ک ده‌بوا خۆی لێ بپاراستایێت.