سەرچاوەیەکی دیپلۆماتیکی تورکیا ڕۆژی شەممە،25ی مانگی یەک ڕایگەیاند وەزیری دەرەوەی تورکیا هاکان فیدان ڕۆژی یەکشەممە سەردانی عێراق دەکات بە مەبەستی گفتوگۆکردن لەسەر شەڕی دژ بە هێزە کوردییەکان و پرسەکانی ئاسایش و پەیوەندییەکانی نێوان دوو وڵاتەکە.
لەم چەند ساڵەی ڕابردوودا پەیوەندییەکانی نێوان عێراق و تورکیا گرژییان تێدا بووە، ئەوەش بەهۆی هێرشە ئاسمانییەکانی تورکیاوە دژی هێزەکانی پارتی کرێکارانی کوردستان لە هەڕێم و حکومەتی عێراقیش ئەمە بە پێشێلکردنی سەروەری خاکی وڵاتکەی ناودەبات.
بەڵام پەیوەندییەکان باشتر بوون دوای ئەوەی ساڵی ڕابردوو بەغداد پارتی کرێکارانی کوردستانی بە " ڕێکخراوێکی قەدەغەکراو " ناساند، دوو وڵاتەکەش ڕێککەوتن لەسەر ئەنجامدانی گفتوگۆی ئاست بەرزی ئاسایشی لە نێوانییاندا.
سەردانەکەی فیدان بۆ عێراق لە کاتێکدایە کە تورکیا داوای لە یەکینەکانی پاراستنی گەلی کورد لە سوریا کردووە چەک دابنێن، ئەوەش دوای ڕووخانی ڕژێمەکەی بەشار ئەسەد.
یەکینەکانی پاراستنی گەلی کورد سەرکردایەتی هێزەکانی سوریای دیموکرات دەکەن کە لەلایەن ئەمەریکاوە پشتیوانییان لێدەکرێت و ڕۆڵێکی سەرەکی و گەورەیان هەبووە لە شکستهێنان بە ڕێکخراوی تیرۆریستی داعشدا. تورکیا دەڵێت یەکینەکانی پاراستنی گەلی کورد درێژکراوەی پارتی کرێکارانی کوردستانە.
سەرچاوەکە وتی فیدان لەگەڵ سەرۆکی عێراق عەبدول لەتیف ڕەشید و سەرۆک وەزیر محەمەد شیاع سودانی و وەزیری دەرەوە فوئاد حسێن و بەرپرسانی دیکەی عێراقدا کۆدەبێتەوە.
ڕۆژی پێنجشەممە وەزیری دەرەوەی عێراق فوئاد حسێن وتی ئەگەر تورکیا هێرش بکاتە سەر هێزە کوردییەکان لە باکووری سوریا ئەوا ئەوە مەترسیدار دەبێت و خەڵکێکی زیاتر ئاوارە دەبن.
سەردانەکەی فیدان لە نێوەندی هەوڵێکی سیاسییدا دێت لە تورکیا بۆ کۆتایی هێنان بە ململانێ دەیان ساڵەییەکەی وڵاتەکە لەگەڵ پارتی کرێکارانی کوردستاندا.
سەرچاوە/ ڕۆیتەرز