وەزیری ژێرخان و گواستنەوەی تورکیا عەبدولقادر ئورالۆگلۆ دەڵێت حکومەتی تورکیا ڕۆژی دووشەممە لەگەڵ بەرپرسانی ئینستگرامدا کۆدەبێتەوە، ئەوەش دوای ئەوەی وڵاتەکە دەستڕاگەیشتنی بە ئینستاگرام قەدەغە کرد.
بڕیارەکەی تورکیا بۆ قەدەغەکردنی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکە دوای ئەوە هات بەرپرسێکی تورکیا ئینستاگرامی تۆمەتبار کرد بە تۆمەتی ڕێگریکردن لە خەڵکەکە لە پۆستکردنی پرسە و سەرەخۆشی خۆیان دوابەدوای کوژرانی سەرکردەی سیاسیی حەماس ئیسماعیل هەنییە لە تاران.
ئورالۆگلۆ وتی تورکیا لە کۆبوونەوەکانی پێشووی هەفتەی ڕابردوودا لەگەڵ نوێنەرانی ئینستاگرام باسی لە هەندێک نیگەرانییەکانی کردووە سەبارەت بە پابەندبوون بە یاساکانی تورکیاوە.
بەرپرسی ڕاگەیاندنی تورکیا فەهرەتین ئاڵتون ڕۆژی چوارشەممە ڕەخنەی لە ئینستاگرام گرت لەسەر ئەوەی گوایە " سانسۆڕی " کردووە و ڕێگەی نەداوە خەڵکەکە پرسە و سەرەخۆشی خۆیان پۆست بکەن بۆ هەنییە.
ئێران و حەماس ئیسڕائیلییان تۆمەتبار کردووە بە تۆمەتی ئەنجامدانی ئەو هێرشە ئاسمانییەی کە بووە هۆی کوژرانی هەنییە لە تاران.
بەپێی ئامارەکانی ئینستاگرام، تورکیا لە پلەی پێنجەمدایە لە ڕیزبەندێکی جیهانیدا بۆ بەکارهێنانی ئینستاگرام، نزیکەی 57 ملیۆن بەکارهێنەری هەیە لەو وڵاتەدا، لە دوای هەریەک لە هیندستان و ئەمەریکا و بەڕازیل و ئیندۆنیسیاوە دێت.
سەرچاوە/ دەنگی ئەمەریکا، ڕۆیتەرز