Accessibility links

تورکیا کۆتوبەندی بازرگانی بەسەر ئیسڕائیلدا دەسەپێنێت


ڕۆژی سێشەممە تورکیا کۆتوبەندی بازرگانی دەسەپێنێت بەسەر ئیسڕائیلدا کە کار دەکاتە سەر کۆمەڵێک بەرهەم، ئەمەش تاوەکو ئیسڕائیل ئاگربەست لە غەززە ڕادەگەیەنێت.

کۆتوبەندەکان 45 جۆرە بازرگانی دەگرنەوە، لەوانەش بازرگانی ئاسن و پۆڵا و چیمەنتۆ و سوتەمەنی فڕۆکەوانی و پەین.

ئەم جوڵەیەی تورکیا ڕۆژێک دوای ئەوە دێت ئیسڕائیل داوایەکی تورکیای ڕەت کردەوە بۆ بەردانەوەی یارمەتی مرۆیی لە ئاسمانەوە بۆ ناو غەززە. چەندین وڵات یارمەتییە مرۆییەکانییان لە ئاسمانەوە بەرداوەتە خوارەوە بۆ ناو غەززە، ئەوەش لە پێناو کەمکردنەوەی قەیرانەکان لە غەززەدا لە کاتێکدا کە ڕێکخراوە مرۆییەکان دەڵێن یارمەتییە مرۆییەکان بە شێوەیەکی گونجاو لە ڕێی خاڵە سنوورییە وشکانییەکانەوە ناگەیەندرێنە غەززە.

وەزیری دەرەوەی ئیسڕائیل ئیسڕائیل کاتز بەڵێنیدا وەڵامی ڕێوشوێنەکانی تورکیا بداتەوە، وتی ئیسڕائیل بە " توندوتیژی و قۆرخکاری " وەڵام ناداتەوە.

کاتز لە ئێکس نوسیویەتی کە سەرۆکی تورکیا ڕەجەب تەیب ئەردۆغان " بەرژەوەندی ئابووری گەلی تورکیا دەکاتە قوربانی لە پێناو پشتیوانییەکانیدا بۆ بکوژانی حەماس لە غەززە."

دوابەدوای گفتوگۆکانی ئاگربەست لە قاهیرە کە بەرپرسانی ئەمەریکا و حەماس و قەتەڕیشی تێدا بووە، گروپی چەکداریی حەماس نوێترین پێشنیاری داوە بۆ وەستاندنی شەڕەکە و لە بەرامبەردا ئازادکردنی بارمتەکان لە غەززە.

پێشنیارەکە داوای ئاگربەستێکی شەش هەفتەیی و ئازادکردنی هەندێک لەو بارمتانە دەکات کە لە غەززە گیراون، هەروەها پێشنیاری کردووە سەدان زیندانی فەلەستینی ئازاد بکرێن و یارمەتییە مرۆییەکان بۆ غەززە زیاد بکرێن، هەروەها داوای کردووە ئاوارە فەلەستینییەکان بگەڕێنەوە بۆ باکووری غەززە.

سەرۆک وەزیری ئیسڕائیل بنیامین نەتانیاهو ڕۆژی دووشەممە وتی ڕاپۆرتێکی بە وردەکارییەوە لەسەر گفتوگۆکانی قاهیرە بە دەست گەیشتووە.

نەتانیاهو وتی " ئێمە بەردەوام کاردەکەین بۆ بە دەستهێنانی ئامانجەکانمان، پێش هەموو شتێک ئازادکردنی سەرجەم بارمتەکانمان و بە دەستهێنانی سەرکەوتنێکی تەواو بەسەر حەماسدا."

وتی " ئەم سەرکەوتنە پێویستی بەوەیە بچینە ناو ڕەفەحەوە و فەوجەکانی تیرۆریست لەوێ لە ناوببەین. ئەوە ڕوودەدات - ڕێکەوتێکی بۆ داندراوە."

ئەمەریکا دەستبەجێ دژی لێدوانەکەی نەتانیاهو وەستایەوە، وتەبێژێکی وەزارەتی بەرگری ئەمەریکا وتی " ئێمە زۆر بە باشی ڕوونمان کردووەتەوە کە ئێمە پشتیوانی لە ئۆپەراسیۆنەکان لە ڕەفەح ناکەین."

جێگری وتەبێژی وەزارەتی بەرگری ئەمەریکا سابرینا سینگ وتی " دەمانەوێت پلانێکی متمانەپێکراو ببینین لەسەر چۆنێتی ئەنجامدانی هەر ئۆپەراسیۆنێک لەوێ." ئەمەش بە لەبەرچاوگرتنی نیگەرانییە زۆرەکان لەسەر دۆخی مرۆیی نزیکەی زیاتر لە یەک ملیۆن فەلەستینی کە ڕەفەحییان وەکو پەناگەیەک بەکارهێناوە. وتی " هیچ پلانێکی فەڕمیمان نەبینیوە."

کۆشکی سپی وتی گفتوگۆکان " جددین."

وتەبێژی ئەنجومەنی ئاسایشی نیشتیمانی ئەمەریکا جۆن کێربی بە ڕۆژنامەنووسانی وت " ئێستا گەیشتووینەتە شوێنێک کە پێشنیارێک کراوە بۆ حەماس، ئێمەش چاوەڕێی وەڵامی حەماسین. ئێستا بابەتەکە پەیوەستە بە حەماسەوە."

کێربی ڕەتی کردەوە باس لە وردەکارییەکانی پێشنیارەکە بکات و وتی " ئەوە بە دڵنیاییەوە ڕێگەیەک دەبێت بۆ لە ناوبردنی."

سەرۆکی ئەمەریکا جۆو بایدن داوای لە ئیسڕائیل کردووە دەستبەجێ ڕێگە بدات یارمەتی مرۆیی زیاتر بگەیەندرێتە غەززە تاوەکو یارمەتی فەلەستینییە برسییەکان بدرێت و هاندەرێک بێت بۆ دانوستکاران تاوەکو بگەن بە ڕێککەوتنێکی ئاگربەست.

داواکارییەکانی بایدن دوای هێرشە ئاسمانیەکەی ئیسڕائیل هات کە تێیدا حەوت کارمەندی یارمەتییە مرۆییەکان لە غەززە کوژران.

وەزیری بەرگری ئەمەریکا لوەید ئۆستنیش ڕۆژی دووشەممە لە پەیوەندییەکی تەلەفونیدا لەگەڵ وەزیری بەرگری ئیسڕائیل یۆواڤ گالانتدا جارێکی دیکە جەختی لەوە کردەوە.

ئۆستن باسی لە پێویستییەکان کردووە بۆ " زیادکردنی گەیاندنی یارمەتییە مرۆییەکان بۆ ناو غەززە " و لێکۆڵینەوەیەکی سوپای ئیسڕائیل لەو هێرشە ئاسمانییەی کە بووە هۆی کوژرانی کارمەندە مرۆییەکانی ڕێکخراوی چێشتخانەی ناوەندی جیهان.

بڕیارە بەرپرسانی ئیسڕائیلیش سەردانی کۆشکی سپی بکەن تاوەکو گوێبیستی نیگەرانییەکانی ئەمەریکا بن سەبارەت بە ئەگەری هێرشی ئیسڕائیل بۆ سەر ڕەفەح.

کێربی وتی " ئێمە پشتیوانی لە ئۆپەراسیۆنی زەمینی ناکەین بۆ سەر ڕەفەح. ناشمانەوێت هیچ ئاماژەیەک ببینین لەسەر ئەوەی هێرشێکی گەورە بەڕێوەیە، یاخود ئەوەی کە ئەم هێزانەی ئیسڕائیل کە لە خان یونس کشاونەتەوە شوێنەکانییان بگۆڕدرێت بۆ جۆرە ئۆپەراسیۆنێکی زەمینی دیکە."

سەرچاوە/ دەنگی ئەمەریکا

XS
SM
MD
LG