Accessibility links

سەرچاوەکان: چاوەڕوان دەکرێت ئەردۆغان لە ئەمەریکا باس لە پەیوەندییەکانی ئەمەریکا و یەپەگە بکات


ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆک کۆماری تورکیا لە مانگی پێنجدا سەردانی ئەمەریکا دەکات و لەگەڵ جۆو بایدن، سەرۆکی ئەمەریکا کۆدەبێتەوە.

دوایین جار ئەردۆغان لە سالی 2019 لە کۆشکی سپی لەگەڵ سەرۆکی ئەو کاتە دانۆڵد ترامپدا کۆبووەوە. بەڵام لەوەتای سەرۆک بایدن دەسەڵاتی گرتووەتەوە دەست ئەمە یەکەم جاردەبێت لە کۆشکی سپی پێشوازی لە ئەردۆغان بکات.

هاکان فیدان وەزیری دەرەوەی تورکیا لە کۆبوونەوەی وەزیرانی دەرەوەی ناتۆ لە پێنجی مانگی چوار لەگەڵ ئەنتۆنی بلینکن وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا کۆبووەوە.

فیدان دوای کۆبوونەوەکە ڕایگەیاند کە لەگەڵ بلینکن دوایین دۆخی فڕۆکەی جەنگی ئێف16 و کێشەی غەززە و هەندێک بابەتی دیکەیان تاوتوێ کردووە.

فیدان وتیشی "لەگەڵ بەڕێز بلینکن زۆر بابەتمان تاوتوێ کرد. لەوانەشدا سەردانەکەی سەرۆکەکەمان بۆ ئەمەریکا."

بەگوێرەی سەرچاوە دیپلۆماسییەکان، چاوەڕوان دەکرێت لە 9 ی پێنجدا ئەردۆغان سەردانی واشنتن بکات. لە میانەی ئەو سەردانەشدا بڕیارە ئەردۆغان و بایدن بۆ یەکەمجار لە کۆشکی سپی کۆببنەوە.

شارەزایانی دیپلۆماسی دەڵێن ئەردۆغان لەگەڵ بایدن سەبارەت بە کێشەکانی ڕووسیا-ئۆکرانیا، ئیسرائیل-فەلەستین، سوریا و پێشهاتەکانی ئەم دواییەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەدوێت.

بەرپرسی پەیمانگای سیاسەتی دەرەوە دکتۆر حوسەین باغچی ڕایگەیاند، پاش ئەندامێتی سوید لە ناتۆ ئەم سەردانەی ئەردۆغان بۆ هەردوو وڵات گرنگە.

ئاماژەی بەوەشکرد، لەم دواییانەدا پێشهاتی ئەرێنی لە پەیوەندییەکانی نێوان تورکیا و ئەمەریکادا ڕوویداوە. دوای ئەوەی تورکیا ڕەزامەندی لەسەر ئەندامێتی سوید دەربڕی، پەیوەندییەکانی تورکیا لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتی بایدن باشتر بوو. لەم سەردانەدا باوەڕم وایە کە ڕووسیا و ئۆکرانیا ڕۆڵێکی گرنگ لە غەززە دەگێڕن."

ئابوری تورکیا بە قەیرانێکی گەورەدا تێدەپەڕێت. بە گوێرەی بەشێک لە شارەزایانی سیاسی، هۆکاری کەمبوونەوەی دەنگەکانی پارتی داد و گەشەپێدان (ئاکەپە) لە هەڵبژاردنە خۆجێییەکانی تورکیادا بۆ خراپی ئابووری دەگەڕێتەوە.

باغچی باس لەوەش دەکات لەم سەردانەی ئەردۆغاندا بۆ واشنتن، کۆبوونەوەکانی لەگەڵ وەزیری خەزێنەدا زۆر گرنگ دەبێت. هەروەها باس لە گرنگییەکی تری سەردانەکە دەکات لە بواری تیرۆر و دەڵێت " تورکیا دژی پەیوەندییەکانی ئەمەریکایە لەگەڵ یەپەگەدا."

باغچی دەڵێت "تورکیا هەندێک کێشە لە سوریا دروست دەکات کە یەپەگە و پەکەکە لەو کێشانەدان. ئەمەش بووە هۆی دروستبوونی کێشە لە نێوان تورکیا و ئەمەریکادا. بەڕای من ئەم پرسانەش لەم کۆبوونەوەیەدا لە بەرنامەی کاردا دەبن."

پسپۆڕانی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان و پەرلەمانتاری پێشووی ئاکەپە دکتۆر مەزهەر باغلی لەبارەی سەردانەکەی ئەردۆغان بە دەنگی ئەمەریکای گوت " ماوەیەکە پەیوەندییەکانی نێوان تورکیا و ئەمەریکا زۆر باش نەبووە. تورکیا دەیەوێت جارێکی دیکە ئەم پەیوەندییانە لەگەڵ ئەمەریکا بەهێزتر بکاتەوە. بۆیە لەم سەردانەی ئەردۆغاندا دەتوانم بڵێم پرسی تیرۆر و شەڕی ڕووسیا و ئۆکرانیا و پێشهاتەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست تاوتوێ دەکرێن. هەروەها تورکیا لە ناوەڕاستی قەیرانی ئابووریدایە و دڵنیام کە ئەم بابەتەش گرنگە."

شایانی باسە، لە ساڵی 2020 کاتێک بایدن هەڵبژێردرا، ئەردۆغان لە چوارچێوەی کۆبوونەوە نێودەوڵەتییەکاندا چاوی بە بایدن کەوتووە و چەندین جار بە تەلەفۆن قسەی کردووە. بەڵام ئەردۆغان بۆ یەکەمجار بە فەرمی لە واشنتۆن لەگەڵ بایدن کۆدەبێتەوە.

XS
SM
MD
LG