وەزیری دەرەوەی تورکیا مەولود چاوش ئۆغلۆ داوای سەرەتایەکی نوێی پەیوەندییەکانی وڵاتەکەی کرد لەگەڵ ئەڵمانیادا کە بۆ ماوەیەکە گرژی تێکەوتووە و ئاماژەشی بەوەدا کە ئەگەری باشکردنی هاریکاری دارایی هەیە لە بوارەکانی گواستنەوە و وزەدا ئەگەر هاتوو پەیوەندییەکان باشتر بوون.
چاوش ئۆغلۆ پێش کۆبوونەوەکەی لەگەڵ هاوتا ئەڵمانییەکەی سیگمار گابرێلدا داوای کۆتایی پێهێنانی بەردەوامیی ئەو گرژییانە کرد کە لە پەیوەندییەکانی نێوان دوو وڵاتەکەدا هەیە.
وتی " هەردوولا بەرژەوەندییان لەوەدایە کە دەستپێکێکی نوێ لە پەیوەندییە دوو قۆڵییەکاندا هەبێت چونکە ئێمە لە کاتێکدا دەژین کە پڕە لە کێشە."
وتیشی ئەڵمانیا دەبێت هەڵسوکەوتێکی باشتری هەبێت لە مامەڵەکردنی لەگەڵ تورکیادا. وتی دیارە بەرلین بەباشی تێنەگەیشتووە لەو شۆکەی کە توشی تورکیا بوو دوای کودەتا سەرنەکەوتووەکە کە دژی سەرۆکی تورکیا ڕەجەب تەیب ئەردۆگان کرا لە ساڵی 2016 دا.
مانگی ڕابردوو گابرێل وتی بڕیاری تورکیا بۆ ئازادکردنی شەشەم ئەڵمانی هیوایەکی داینێ بۆ باشکردنی پەیوەندییەکانی نێوان دوو وڵاتەکەی ئەندام لە ناتۆدا دوای ئەوەی پەیوەندیەکان چوونە خراپترین ئاستیانەوە.
سەرچاوە/ ڕۆیتەرز