Accessibility links

فیدان دەڵێت تورکیا ڕێوشوێنی نوێ دژی ئیسڕائیل دەگرێتەبەر


وەزیری دەرەوەی تورکیا هاکان فیدان
وەزیری دەرەوەی تورکیا هاکان فیدان

ڕۆژنامەی دەیلی سەباح بڵاویکردەوە وەزیری دەرەوەی تورکیا هاکان فیدان ڕۆژی دووشەممە دەڵێت تورکیا بڕیاریداوە کۆمەڵێک ڕێوشوێنی نوێ دژی ئیسڕائیل بگرێتەبەر تاوەکو ئەو کاتەی یارمەتی پێویست دەگاتە دەستی فەلەستینییەکانی ناو غەززە و ئاگربەست ڕادەگەیەنێت.

فیدان لە ماوەی لێدوانێکیدا بۆ ڕۆژنامەنووسان لە ئەنکەرەی پایتەختی تورکیا وتی ئیسڕائیل بیانووی نیە بۆ ڕێگریکردن لە هەوڵەکانی تورکیا بۆ گەیاندنی یارمەتی مرۆیی بۆ ناو غەززە.

بەپێی ڕۆژنامەکە، فیدان وتی " لەو حاڵەتەدا بڕیارماندا کۆمەڵێک ڕێوشوێن دژی ئیسڕائیل بگرینەبەر." وتیشی ئەنکەرە بەردەوام دەبێت لە جێبەجێکردنی ڕێوشوێنەکان تاوەکو ئەو کاتەی ئیسڕائیل ئاگربەست ڕادەگەیەنێت و ڕێگە دەدات یارمەتییە مرۆییەکان بەبێ بەربەست بگەیەندرێنە غەززە.

وتیشی ئیسڕائیل " وڵاتێکی تیرۆریستە " و سەرۆک وەزیری ئیسڕائیل بنیامین نەتانیاهو هاوشێوەی ئەدۆڵف هیتلەرە، هاوکات حەماسی بە " گروپێکی ڕزگاریخواز " ناوبرد.

وتی " ئەم ڕێوشوێنانە کە لەلایەن سەرۆکەوە پەسەند کراون، هەنگاو بە هەنگاو جێبەجێ دەکرێن و بەبێ دواکەوتنیش. ڕێوشوێنەکان لەلایەن دەسەڵاتە پەیوەندیدارەکانمانەوە ئاشکرا دەکرێن."

فیدان وتی ئیسڕائیل داواکەی تورکیای ڕەت کردووەتەوە بۆ ئەوەی بەشدار بێت لە بەردانەوەی یارمەتییە مرۆییەکان بۆ ناو غەززە، ئەمەش سەرەڕای ئەوەی ئوردن پەسەندی کردووە.

وتی " تورکیا یەکێکە لەو دوو وڵاتەی کە زۆرترین یارمەتی دەنێرێت بۆ غەززە، نۆیەمین کەشتیمان هەر ئێستا بەڕێکەوت."

وتیشی ئەو یارمەتییانەی کە تورکیا لە ڕێی دەریا و ئاسمانەوە ڕەوانەی میسڕی کردوون تاوەکو بگەیەندرێنە غەززە 42,000 تەنییان تێپەڕکردووە.

XS
SM
MD
LG