Accessibility links

تورکیا لە پاش ئاگری دارستانەکان رووبەڕووی لافاو دەبێتەوە


لافاو لە توکریا، (ئەرشیف)

پاش کەوتنەوەی گەورەترین ئاگر لە دارستانەکانی باشوری ڕۆژئاوای تورکیا ڕۆژی چوارشەممە لافاو بەهۆی بارانێکی زۆری نائاساییەوە لە کەنار ئاوەکانی باکووری وڵاتەکە هەستاوە و بووەتە هۆی ڕووخانی پردێک وبڕینی کارەبای گوندەکانی ناوچەکە.

کەناڵی تەلەفیزیۆنی دەوڵەتی تورکیا TRT خەبەر ڕایگەیاندلەو لافاوەدا کەسێک بەهۆی جەڵتەی دڵ گیانی لەدەستداوە و کارمەندانی فریاکەوتن بەدوای کەسێکی تریشدا دەگەڕێن کە بێسەروشوێنە.

بەڕێوەبەرایەتی کارەسات و فریاکەوتن AFAD ڕایگەیاند سیازدە کەسیش بریندار بوون پاش ڕووخانی پردێک لە بارتین و کارەبای 12 گوندیش بەهۆی ئەو لافاوەوە بڕاوە.

دیمەنەکانی ئاژانسی ڕۆیتەرز نیشان دەدەن لە پارێزگای سینۆپ خانویەک بەهۆی لافاوەکەوە ڕووخاوە و ئۆتۆمبێلەکان لە نێو ئاودان.

هاوکات AFAD ڕادەگەیەنێتلە سینۆپ نەخۆشخانەیەک چۆڵکراوەوهەندێک لە شەقامەکانیش گیراون و هۆشداری ئەوەش دراوە چاوەڕوان دەکرێت بارانێکی زۆر لە ناوچەکە بەردەوام بێت.

کەناڵی TRTنیشانیش دەدات ئاوی لافاوەکە لە وێستگەی وزەی هایدرۆئەلیکتریک بەرزبووەتەوە و کەناڵەکە دەڵێت هەوڵەکانی بەهاناچوون بەردەوامە بۆ ڕزگارکردنی ئەو کەسانەی لەو ناوچەیە گیریان خواردووە.

زۆرجار لە دەمی باران بارینی زۆر لە هەوایندا لافاو لە باکووری تورکیا هەڵدەستێت. لە ساڵی ڕابردوو بەلایەنی کەم پێنج کەس بەهۆی لافاو لەو هەرێمە گیانیان لەدەستدا.

ئەمەش لە کاتێکدایە لە ماوەی دوو هەفتەی ڕابردوودا تورکیا گیرۆدەی ئاگرێکی گەورەی دارستانەکان بووە کە دەیان هەزار دۆنم زەوی دارستانەکان لە کەنارەکانی باشووری وڵاتەکە سوتاوە.

پانێڵێکی کەشوهەوای نەتەوە یەکگرتووەکان لەم هەفتەیەدا هۆشداری دا ئاستی دەرهاویشتە گازییەکان لە جیهاندا ئەوەندە بەرزبووەتەوە کە زیانی بۆ دەیان ساڵ دەمێنێت.


XS
SM
MD
LG