Accessibility links

هەوڵەکانی تورکیا بۆ ئەندامێتی یەکێتی ئەوروپا لە مەترسیدایە


هەوڵەکانی تورکیا بۆ بوون بە ئەندامی یەکێتی ئەوروپا وا دەردەکەوێت لە مەترسیدابێت، پاش ئەوەی ڕۆژی سێشەممە سەرۆکایەتی ئەو یەكێتییە ڕایگەیاند نیگەرانە لەمەڕ شکستهێنانی ئانکەرە بۆ دیموکراسی بەردەوام و شەڕی دژ بە گەندەڵی.

کۆمسیۆنی ئەوروپا لە ڕاپۆرتی ساڵانەیدا باسی لەوە کردووە دەسەڵاتێکی زۆر لە دەستی سەرۆک ڕەجەب تەیب ئەردۆغاندا هەیە، کە بۆتە هۆی ئابورییەکی خراپ و تێکدانی سەربەخۆیی دەسەڵاتی دادوەری. ڕاپۆرتەکە دەشڵێت دەسەڵاتدارانی تورکیا بەردەوامن لەسەر فشارخستنە سەر کۆمەڵگەی مەدەنی، ڕێکخراوە مرۆییەکان و میدیا.

کۆمسیۆنەکە گوتی " تورکیا هەر هاوبەشێکی سەرەکییە بۆ یەكێتی ئەوروپا. هەرچەندە بەردەوام دوورتر کەوتۆتەوە لە یەکێتی ئەوروپا بەهۆی پاشەکشێکردن لە بابەتەکانی دیموکراسی، دەسەڵاتی یاسا، مافە بنچینەییەکان و سەربەخۆیی دادوەریی."

بەڵام تورکیا کە لە ساڵی 2005 وە وتووێژەکانی لەسەر بوون بە ئەندام لە یەكێتی ئەوروپا دەستپێکردووە، بە پێی ئاژانسی دەنگو باسی ئەسۆشیەیتد ڕەخنەکانی کۆمسیۆنەکەی ڕەتکردۆتەوە و بە جیاوازیکردن لەدژی ناودێری دەکات.

هەوڵەکانی تورکیا بۆ بوون بە ئەندام لە یەکێتی ئەوروپا کارێکی ئاسان نەبوو، سەرەڕای پێگەی خۆی وەک هاوبەشێکی گرنگی کۆمەڵایەتی ئابووری بۆ یەکێتیەکە، بەشێکیشی بەهۆی ئەوەی تورکیا یارمەتیدەربوو لە ڕێگەگرتن لەوەی کۆچبەران لە ڕێگای سنوورەکانییەوە لەگەڵ یۆنان و بولگاریادا نەچنە ناو ئەوروپاوە.

بۆ ئەم مەبەستەش یەكێتی ئەورپا بڕی 7 ملیار دۆلاری دا بە ئانکەرە بۆ ئەوەی ڕێگە نەدات پەنابەرە سوریاییەکانی ناو وڵاتەکەی بەرەو ئەوروپا بڕۆن.

لەگەڵ ئەوەشدا، بانگەشە مشتومڕلەسەرەکەی تورکیا بۆ خاوەندارێتی قوبرس و سەرکوتکردنەکانی ئەردۆغان دژ بە بەرهەڵستانی لە ساڵی 2016 وە بەشێکی زۆری پێشوەچوونەکانی ئەو پرۆسەیەی تێکدا کە تورکیا ببیت بە 28 هەمین ئەندامی یەکێتییەکە.

کۆمسیۆنەکە ڕایگەیاند " ڕاپۆرتەکانی کە ئەمڕۆ خرانە ڕوو ئەوە پشتڕاست دەکاتەوە ڕاستییە ژێربەژێرەکان وا دەکەن ئەم هەڵسەنگاندنە جارێ ڕاگیرێت، سەرەڕای پابەندبوونی دوبارەی حکومەت بە ئامانجی هاتنەوە ناو یەكێتییەکەوە."

وەزارەتی دەرەوەی تورکیا ڕایگەیاند ئەو ڕاپۆرتانە ڕەنگدانەوەی " لایەنگریکردنی یەكێتییەکەیە، هەنگاوێکی دووڕوویی و نابونیاتنەرانەیە." ئەو گوتیشی ڕاپۆرتەکە " بەرپرسیارێتییەکان و بەلێنەکانی" خودی یەكێتی ئەوروپای نیشان نەداوە و ڕەخنەی لە تورکیا گرتووە لەسەر " بابەتێکی کە ڕاستی نییە".

وەزارەتەکە دەشڵێت " خواستی ئێمە ئەوەیە یەكێتی ئەوروپا چاو لە تورکیا وەکو وڵاتێکی کاندیدی یەكێتی ئەوروپا بکات، نەک تەنها بۆ ئەو شتانە بگەڕێت کە بە دیدی تەسکی خۆی لێکیان بداتەوە، بەڵکو بە لێکدانەوەیەکی فراوانی بەرژەوەندی هاوبەش و دیدی کیشوەرەکەمان."

XS
SM
MD
LG