Accessibility links

ئەردۆغان دەڵێت تورکیا ناتوانێت دەستبەرداری پەیوەندییەکانی بێت لەگەڵ ڕووسیا یاخود ئۆکرانیادا


سەرۆکی تورکیا ڕەجەب تەیب ئەردۆغان
سەرۆکی تورکیا ڕەجەب تەیب ئەردۆغان

ڕۆژی دووشەممە سەرۆکی تورکیا ڕەجەب تەیب ئەردۆغان دووبارە جەختی لەوە کردەوە تورکیا ناتوانێت دەستبەرداری پەیوەندییەکانی بێت لەگەڵ ڕووسیا یاخود ئۆکرانیادا، ئەمەش لەنێوەندی داگیرکارییەکانی ڕووسیا دژی ئۆکرانیا، ئاماژەشی بەوەدا ئەنقەرە ڕێوشوێنێک دەگرێتەبەر بۆ سنووردارکردنی تێپەڕبوونی کەشتیەکان بە تەنگەکانیدا، ئەوەش لەپێناو ڕێگەگرتن لە پەرەسەندنی شەڕەکە.

تورکیای ئەندام لە هاوپەیمانێتی ناتۆ ڕۆژی یەکشەممە داگیرکارییەکەی ڕووسیای بە " جەنگ " ناودێر کرد، بەمەش بەندەکانی پەیماننامەی ساڵی 1936 ی چالاک کرد بۆ سنووردارکردنی تێپەڕبوونی کەشتیە جەنگییەکان بە تەنگەکانی تورکیادا. تورکیا سنووری ئاوی لەگەڵ ڕووسیا و ئۆکرانیادا هەیە و پەیوەندییەکی باشی لەگەڵ هەردوو وڵاتەکەدا هەیە.

دوای کۆبوونەوەی حکومەتەکەی، ئەردۆغان ڕەخنەی لە هەڵوێستی ئەمەریکا و وڵاتانی ڕۆژئاوا گرت سەبارەت بە داگیرکارییەکەی ڕووسیا دژی ئۆکرانیا و وتی " هەڵوێستەکانیان یەکلاکەرەوە نین." وتیشی هەوڵەکانیان نیشانەیەک بوون لە شکستهێنانی دۆخی نێودەوڵەتی.

ئەردۆغان وتی تورکیا سازدان لە بەرپرسیارێتیەکانی بەرامبەر هاوپەیمانەکانی ناکات، بە هاوپەیمانێتی ناتۆشەوە، بەڵام بە هەمان شێوە پشت ناکاتە " بەرژەوەندییە نیشتیمانییەکانی " لە ناوچەکەدا. دووبارە جەختیشی لەوە کردەوە پێی وایە داگیرکارییەکەی ڕووسیا جێی قبوڵکردن نیە.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز


XS
SM
MD
LG