Accessibility links

ئەردۆغان ' بەمزووانە ' سەردانی ڕووسیا دەکات


وتەبێژی پارتی داد و گەشەپێدانی فەرمانڕەوای تورکیا ڕایگەیاند سەرۆکی تورکیا ڕەجەب تەیب ئەردۆغان بەمزووانە سەردانی ڕووسیا دەکات بە مەبەستی تاوتوێکردنی ڕێککەوتنەکەی نەتەوە یەکگرتووەکان کە تێیدا ڕێگەی بە هەناردەکردنی دانەوێڵەی ئۆکرانیا دەدا لە ڕێی دەریای ڕەشەوە.

ساڵی ڕابردوو نەتەوە یەکگرتووەکان و تورکیا نێوەندگرییان کرد لە نێوان ڕووسیا و ئۆکرانیادا بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتنێک بۆ هەناردەکردنی دانەوێڵەی ئۆکرانیا لە بەندەرەکانییەوە لەسەر دەریای ڕەش بۆ بازاڕەکانی جیهان، بەڵام مانگی ڕابردوو دوای کشانەوەی ڕووسیا، ڕێککەوتنەکە کۆتایی هات. ئەنکەرە هەوڵی ئەوە دەدات ڕووسیا ڕازی بکات بگەڕێتەوە سەر ڕێککەوتنەکە، کە بەپێی ئەو ڕێککەوتنە بەندەرەکانی ئۆکرانیا دەیان ملیۆنان تەن دانەوێڵەیان هەناردەی دەرەوە کرد.

لە دوای ئەوەی ڕێککەوتنەکە کۆتایی هات، هێزەکانی ڕووسیا بەردەوام بەندەرەکانی ئۆکرانیایان بە موشەک کردووەتە ئامانج.

وتەبێژی پارتی داد و گەشەپێدانی تورکیا عومەر چەلیک وتی ئەردۆغان " بەمزووانە " سەردانی هاوینەهەواری سوچی ڕووسیا دەکات لەسەر دەریای ڕەش، بەڵام ئاماژەی بەوە نەدا کە ئایا لەگەڵ سەرۆکی ڕووسیا ڤلادیمیر پوتندا کۆدەبێتەوە یاخود نا.

وتیشی " دوای سەردانەکە ڕەنگە پەرەسەندن هەبێت و ڕەنگە بگەنە قۆناغی نوێ سەبارەت بە ڕێککەوتنی دانەوێڵە."

ڕۆژی هەینی کرێملن وتی تێگەیشتنێک هەیە کە دوو سەرۆکەکە بەمزووانە کۆدەبنەوە.

بلومبێرگ لە زاری دوو سەرچاوەی نەناسراوەوە بڵاویکردەوە پێشبینی دەکرێت هەفتەی داهاتوو ئەردۆغان لە ڕووسیا لەگەڵ پوتندا کۆببێتەوە، ئەگەری هەیە لە 8 ی مانگی نۆدا بێت، ئەمەش پێش ئەوەی بەرەو هیندستان بڕوات بە مەبەستی ئامادەبوونی لە کۆبوونەوەکەی کۆمەڵەی بیستدا.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG