Accessibility links

ئەردۆغان دەڵێت ڕەنگە هەموارکردنەوەیەکی یاسایی پێویست بێت بۆ چارەسەرکردنی قەیرانی دادوەری تورکیا


سەرۆکی تورکیا ڕەجەب تەیب ئەردۆغان ڕۆژی یەکشەممە وتی ڕەنگە پەرلەمان هەموارکردنەوەیەکی یاسایی پەسەند بکات بۆ چارەسەرکردنی قەیرانی دادوەری وڵاتەکە، لە کاتێکدا دوو دادگا باڵاکەی وڵاتەکە ناکۆکی لە نێوانییاندا هەیە.

ڕووبەڕووبوونەوە بێپێشینەکەی نێوان دادگای دەستووریی و دادگای باڵای تێهەڵچوونەوەی تورکیا لەم هەفتەیەدا مشتومڕێکی دروست کردووە لەسەر سەروەری یاسا لە تورکیادا. ئەمەش لە کاتێکدا کە دادگای تێهەڵچوونەوە ڕەتی کردەوە پابەندی بڕیارێکی دادگای دەستووریی بێت سەبارەت بە پەرلەمانتارێکی زیندانیکراو و لە هەمان کاتیشدا سکاڵایەکی یاسایی تاوانی دژی دادوەرانی دادگای دەستووریی تۆمارکرد.

ئەردۆغان لە ماوەی گەڕانەوەیدا لە سعودیەوە بە ڕۆژنامەنووسانی وت " قورس نیە ڕێکخستنێکی یاسایی بکرێت سەبارەت بە داوا تاکەکەسییەکان بۆ دادگای دەستووریی."

وتیشی " بەڵام دوای تەواوکردنی هەموارکردنەوە یاساییەکان لەسەر داوا تاکەکەسییەکان کارەکە تەواو نابێت." ئاماژەی بەوەدا دەبێت تاوتوێی گۆڕانکاریی یاسایی زیاتر بکرێت لەسەر ئەو بابەتە.

ئاتالای تەمەن 47 ساڵ، ساڵی ڕابردوو بە تۆمەتی ڕێکخستنی خۆپیشاندانی سەرتاسەری لە ساڵی 2013 دا بە مەبەستی لە کارلابردنی حکومەت تۆمەتبار کرا و سزای 18 ساڵ زیندانیکردنی بەسەردا سەپێندرا، هاوکات لەگەڵ کەسایەتی خێرخواز عوسمان کاڤالا و شەش کەسی دیکەشدا.

سەرجەمییان تۆمەتەکانییان سەبارەت بە خۆپیشاندانەکان ڕەت کردووەتەوە و دەڵێن خۆپیشاندانەکان بە شێوەیەکی ئاسایی پەرەیان سەندووە، کە لە ماوەی زیاتر لە 20 ساڵی حکومڕانییەکەی ئەردۆغاندا، گەورەترین ئاڵنگاری بوو لە بەردەم دەسەڵاتەکەیدا.

ئێوارەی ڕۆژی هەینی دادگای باڵای تێهەڵچوونەوە لە بەیاننامەیەکدا دادگای دەستووریی بە تۆمەتی هەوڵدان بۆ ڕاکێشانی سیستمی دادوەری تورکیا بۆ ناو بێسەروبەریی تۆمەتبار کرد.

وەکو دژایەتیکردنی هەڵوێستی دادگای باڵای تێهەڵچوونەوە، یاسادانەرانی پارتی جەهەپەی ئۆپۆزسیۆنی تورکیا لە ڕۆژی پێنجشەممەوە مانگرتنییان لە کۆبوونەوەی گشتی پەرلەماندا ڕاگەیاندووە.

ڕابەری جەهەپە ئۆزگور ئۆزێل لە پۆستێکدا کە ئێکس وتی " خۆپیشاندانمان دژی هەوڵەکان بۆ زاڵبوون بەسەر بڕیاری دەستوورییدا بەردەوام دەبێت تاوەکو ئاگادارکردنەوەیەکی دیکە."

ئەردۆغان وتی لایەنێک نابێت لە ململانێکەدا و ڕۆڵی دادوەر دەبینێت. وتیشی ئەم ناکۆکییەی نێوان دوو دادگا باڵاکەی تورکیا تیشک دەخاتە سەر پێویستییەکان بۆ دەستوورێکی نوێ، ئەردۆغان داوای لە پەرلەمان کردووە ساڵی داهاتوو تاوتوێی ئەو پرسە بکەن.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG