دەزگای ڕاگەیاندنی تورکیا لە زاری سەرۆکی تورکیا ڕەجەب تەیب ئەردۆغانەوە بڵاویکردەوە تورکیا هەوڵ دەدات ژێرخان و نەخۆشخانە و قوتابخانەکانی غەززە دووبارە بونیاد بنێتەوە ئەگەر ئاگربەست لەو ناوچەیەدا بکەوێتەوە.
ئەردۆغان لە فڕۆکەکەیدا و لە ماوەی گەڕانەوەیدا لە بەرلینەوە بە ڕۆژنامەنووسانی وت " ئەگەر ئاگربەست بکەوێتەوە، ئەوا هەرچی پێویست بێت ئەنجامی دەدەین بۆ قەرەبووکردنەوەی ئەو کاولکارییەی کە ئیسڕائیل هۆکاری بووە."
کەناڵی خەبەر لە زاری ئەردۆغانەوە بڵاویکردەوە " هەوڵ دەدەین بۆ دووبارە بونیادنانەوەی ژێرخانە زیانپێگەیشتووەکەی غەززە و دووبارە بونیادنانەوەی قوتابخانە و نەخۆشخانە و دامەزراوەکانی وزە و ئاو."
لە ماوەی ڕابردوودا لەم مانگەدا ئەردۆغان داوای لە سەرۆک وەزیری ئیسڕائیل بنیامین نەتانیاهو کرد ڕایبگەیەنێت کە ئایا ئیسڕائیل چەکی ئەتۆمی هەیە یاخود نا، هەروەها لە ماوەی لێدوانەکانیدا بۆ ڕۆژنامەنووسان گەڕایەوە سەر ئەو پرسە و داوای پشکنینی چەکی ئەتۆمی کرد لە ئیسڕائیل.
ئەردۆغان وتی " وەکو تورکیا، ئێمە ئەم داوایە دەکەین. بەبێ هیچ گومانێک دەبێت چەکە ئەتۆمییەکانی ئیسڕائیل بپشکنرێن پێش ئەوەی کاتەکە درەنگ ببێت. بەدواداچوون دەکەین بۆ ئەمە."
ئەردۆغان وتیشی خێزانەکانی ئەو ئیسڕائیلییانەی کە لەلایەن حەماسەوە بە بارمتە گیراون نامەیەکییان بۆ ناردووە و تێیدا داوای لێدەکەن کار بکات بۆ ئازادکردنییان، وتیشی دەزگای هەواڵگری تورکیا تاوتوێی ئەو پرسە دەکات.
سەرچاوە/ ڕۆیتەرز