سەرۆکی تورکیا ڕەجەب تەیب ئەردۆغان ڕایگەیاند دەرفەت بۆ ئاشتی لە غەززە بە هۆی ناسازی ئیسڕائیلەوە و دوای وەستانە مرۆییەکە لە ئێستادا لە دەست چووە.
کەناڵی ئێن تی ڤی و دەزگاکانی ڕاگەیاندنی تورکیا لە زاری ئەردۆغانەوە بڵاوییان کردەوە " ئێمە هەمیشە جەختمان لەوە کردووەتەوە کە لەگەڵ ئاگربەستێکی هەمیشەییدان نەوەک تەنها وەستانێکی مرۆیی، بەداخەوە دەرفەتێک بۆ ئاشتی هەبوو، بەڵام لە ئێستادا بەهۆی ناسازی ئیسڕائیلەوە دەرفەتەکە لە دەست چووە."
ئاگربەستەکە کە لە 24 ی مانگی یانزەدا دەستی پێکرد و دوو جار درێژکرایەوە. بەڵام دوای حەوتەیەمین ڕۆژی ئاگربەستەکە و دوای ئەوەی بارمتە ژن و منداڵ و بیانییەکان لەگەڵ ژمارەیەک لە زیندانیانی فەلەستینیەکاندا ئازاد کران، نێوەندگران شکستییان هێنا لە گەیشتن بە ڕێککەوتنێک بۆ ئازادکردنی بارمتە و زیندانی زیاتر.
لەو کاتەوە ئیسڕائیل دەستی کردووەتەوە بە هێرشە ئاسمانییەکانی بۆ سەر باشووری غەززە، بەمەش درێژەی بە جەنگەکەدا کە ماوەی دوو مانگە بووەتە هۆی کوژرانی هەزاران کەس.
بەپێی ئێن تی ڤی، ئەردۆغان لە ماوەی گەڕانەوەیدا لە ئیماڕاتەوە بۆ تورکیا وتی ئومێدی لە دەست نەداوە بۆ ئاشتییەکی هەمیشەیی لە ململانێکەدا و ئاماژەی بەوەدا ناکرێت حەماس لە ئەگەری چارەسەرێک دەربکرێت.
ئەردۆغان وتی " دەبێت سەنگ بخەینە سەر چارەسەری دوو دەوڵەت، دەرکردنی حەماس یاخود لە ناوبردنی حەماس سیناریۆیەکی واقعی نیە." وتیشی حەماس وەکو ڕێکخراوێکی تیرۆریستی ناناسێنێت.
لەلایەکی دیکەوە سەرچاوەکان بە ڕۆیتەرزییان وتووە ئیسڕائیل چەندین وڵاتی عەرەبی ئاگادار کردووەتەوە کە دەیەوێت ناوچەیەکی دابڕاو لە دیوی فەلەستینییەکان لەسەر سنووری غەززە دابمەزرێنێت، ئەوەش لە پێناو ڕێگریکردن لە هێرشی زیاتری بۆ سەر ئیسڕائیل، وەکو بەشێک لە پێشنیارەکان بۆ دوای جەنگەکە.
ئەردۆغان وتیشی گروپێکی پەیوەندی لەلایەن ڕێکخراوی هاریکاری ئیسلامی و کۆمکاری عەرەبی پێکهێندراوە و سەردانی ئەمەریکا دەکەن بۆ تاوتوێکردنی چارەسەرێک بۆ ململانێکەی ناو غەززە، ئەوەش دوای کۆبوونەوەیان لەگەڵ بەرپرسانی لەندەن و پاریس و بەرشەلۆنە و نەتەوە یەکگرتووەکان.
سەرچاوە/ ڕۆیتەرز