پێشبینی دەکرێت تورکیا لە چەند ڕۆژی داهاتوودا دوایین ئامزازەکانی پەسەندکردنی ئەندامێتی سوید لە هاوپەیمانێتی ناتۆدا ڕەوانەی واشنتن بکات، ئەمەش دوای ئەوەی سەرۆکی ئەو وڵاتە ڕەجەب تەیب ئەردۆغان لە کۆتاییدا داواکەی سویدی بۆ ئەندامێتی لە ناتۆ پەسەند کرد و واژۆی کرد.
تورکیا هیوادارە ئەم هەنگاوەی ڕێگەخۆشکەر بێت لەبەردەم کڕینی فڕۆکەی شەڕکەری F-16 ی ئەمەریکادا.
سەرچاوەیەکی نزیک لە بابەتەکەوە وتی نوسراوەکە ڕەنگە تاوەکو ڕۆژی هەینی ڕەوانەی ئەمەریکا بکرێت، ئەوەش دوایین هەنگاوە لەو پڕۆسەیەدا کە لە ساڵی 2022 ەوە دەستیپێکردووە.
دوای 20 مانگ دواخستنی، تورکیا لەم هەفتەیەدا زۆر بە خێرایی جووڵەی کرد بۆ پەسەندکردنی داواکەی سوید، ڕۆژی سێشەممە پەرلەمانی تورکیا داواکەی پەسەند کرد و ڕۆژی هەینیش ئەردۆغان پەسەندی کرد.
وەکو یاسایەکی فەڕمی ناتۆ، دوایین نوسراوی پڕۆسەکە کە بە ئامڕازەکانی پەسەند کردن ناسراوە، پێویستە لە ئەرشیفەکانی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکادا لە واشنتن دابندرێت.
پەسەندکردنی داواکەی سوید لەلایەن تورکیاوە، کە لە سەرەتای پڕۆسەکەوە دژایەتی دەکرد، وادەکات ئێستا تەنها هەنگاریا مابێتەوە کە هێشتا داواکەی سویدی پەسەند نەکرووە.
کۆنگرێسی ئەمەریکا فرۆشتنی فڕۆکەی F-16 ی ئەمەریکایی بە تورکیا بەستووەتەوە بەوەوە کە تورکیا داواکەی سوید پەسەند بکات. فرۆشتنەکە بەهاکەی دەگاتە 20 ملیار دۆلار.
ماوەیەکی کوری دوای دەنگدانەکەی پەرلەمانی تورکیا لەسەر داواکەی سوید، سەرۆکی ئەمەریکا جۆو بایدن نامەیەکی بۆ ڕابەرانی کۆمیتەکانی کۆنگرێسی ئەمەریکا نارد و تێیدا باسی لە نیازەکانی کرد بۆ دەستکردن بە پڕۆسەی فەڕمی فرۆشتنی فڕۆکەکان بە تورکیا، دەستبەجێ دوای ئەوەی ئەنکەرە پڕۆسەی ئەندامێتی سوید لە ناتۆدا تەواو دەکات.
باڵیۆزی ئەمەریکا لە تورکیا ڕۆژی پێنجشەممە بە ڕۆیتەرزی وت پێشبینی دەکات واشنتن هەنگاوی خێرا بگرێتەبەر بۆ ڕازیکردنی کۆنگرێس بە فرۆشتنی ئەو فڕۆکە شەڕکەرانە بە تورکیا، لە کاتێکدا کە وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا دەستبەجێ ئاگادارکردنەوەیەک بۆ کۆنگرێس دەنێرێت.
سەرچاوە/ ڕۆیتەرز