Accessibility links

ساڵیادی بومەلەرزەکەی تورکیا


هەزاران ڕزگاربووی بومەلەرزەکەی ساڵی ڕابردووی تورکیا لە بەرەبەیانی ڕۆژی سێشەممەدا کۆبوونەوە و یادی ئازیزانییان کردەوە کە بەهۆی بومەلەرزە بەهێزەکەوە گیانییان لە دەستدا.

لە کاتژمێر 4:17 خولەکی بەیانیدا، ئەو ساتەی کە بومەلەرزەکە بە گوڕی 7.8 ڕوویدا و بووە هۆی گیان لە دەستدانی زیاتر لە 53,000 کەس لە تورکیا و نزیکەی 6000 کەس لە سوریا، خەڵکەکە لە داروپەردبووەکانی ئەنتاکیادا کۆبوونەوە، ئەنتاکیا شارێکی کۆن بوو و ئێستا بووەتە شوێنێکی کاولبووی چۆڵکراو.

بومەلەرزەکەی مانگی دووی ساڵی ڕابردوو بەشێکی زۆری 11 پارێزگای باشووری ڕۆژهەڵاتی تورکیا و چەند بەشێکی سوریای خاپوور کرد، بووە یەکێک لە خراپترین کارەساتەکان لە ماوەی 100 ساڵی ڕابردوودا.

بومەلەرزەکە بووە هۆی ئاوارەبوونی ملیۆنان کەس و سەدان کەسیش ناچار بوون بگوازنەوە بۆ ئەو کامپانەی کە بە کۆنتێنەر دروست کراون.

ڕزگاربووان مۆمییان لەو شوێنانەدا دانا کە ئازیزانییان لە کاتێکدا کە خەوتبوون ماڵەکانییان بەسەردا ڕووخا و گیانییان لە دەستدا.

ئەیدا بۆزی تەمەن 44 ساڵ کە ناچار بووە بگوازێتەوە بۆ ئەنکەرە و بە مەبەستی یادکردنەوەکە گەڕاوەتەوە بۆ ئەنتاکیا، وتی " وا هەست ناکەیت ساڵێک لەمەوپێش بووە، بۆ من وەکو ئەوە وایە دوێنێ بووبێت."

وتی " هاوڕێکانی منداڵیم و هاوپۆلەکانمان هەموویان لەم بینایەدا دەژییان."

گوڵهان باکلاڤەچی 58 ساڵ بە چاوی پڕ فرمێسکەوە سەیری داروپەردبووی گەڕەکەکەی دەکرد و وتی قەبارەی کارەساتەکە و ئازار و ناڵەی خەڵکەکە قورسە بیری لێبکرێتەوە.

وتی " لە ڕابردوودا، کاتێک کەسێک دەمرد، بۆ چەندین ساڵ ماتەمینیمان بۆ دەگێڕا. ئێستا ملیۆنان کەس لە دراوسێکانمان ڕۆیشتن." وەکو ئاماژەیەک بۆ ئەو کەسانەش کە ئاوارە بوون.

لە هەمان کاتدا کۆبوونەوەیەکی دیکە لە شاری کاهرامانماراسی باکووری ڕۆژهەڵات بەڕێوەدەچوو، شارەکە تەنها 50 کم دوورە لە ناوەندی بومەلەرزە گەورەکەوە.

سەرۆکی تورکیا ڕەجەب تەیب ئەردۆغان کە پێشبینی دەکرێت دواتر ئامادەی بۆنەکەی کاهرامانماراس بێت، لە دەوروبەری کاتژمێر 4:17 خولەکی بەیانیدا پۆستێکی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاوکردەوە و وتی " تراجیدیاکە وەکو یەکەمین ڕۆژ بەردەوامە لە سوتاندنی دڵمان."

ئەردۆغان لە ڕەخنەکانی سەرەتادا ڕزگاری بوو سەبارەت بەوەی کە فریاگوزارییەکان خاو بوون لە وەڵامدانەوەی خراپترین و مەترسیدارترین کارەساتدا لە ماوەی دەسەڵاتە بیست ساڵەییەکەیدا، دوابەدوای بومەلەرزەکە ئەردۆغان لە هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی تورکیادا سەرکەوتنی بە دەستهێنا.

ئەردۆغان بەڵێنی داوە ناوچەکە دووبارە بونیاد بنێتەوە و داوای یەکگرتوویی نیشتیمانی کردووە، ڕۆژی سێشەممەش دووبارە جەختی لەو پەیامە کردەوە.

ئەردۆغان وتی " ئەم جۆرە کارەساتە گەورە و ئازارە گەورانە خاڵی وەچەرخانن کە تێیاندا هێزی یەکگرتن و هاوسۆزی و برایەتی نەتەوەکان تاقی دەکرێنەوە."

وتی " سوپاس بۆ خودا نەتەوەکەمان سەرکەوتووانە بەسەر ئەم تاقیکردنەوە مێژوویی و بە ئازارەدا تێپەڕی." وتیشی حکومەتەکەی ئیسراحەت ناکات هەتاوەکو " شارەکەمان دووبارە بونیاد نەنێینەوە و دانیشتوانە ڕزگاربووەکەی نەگەڕێنینەوە بۆ ماڵێکی پارێزراو."

بەڵام لە شارە لیبڕاڵەکانی وەکو ئەنتاکیا، توڕەییەک هەیە لە حکومەتەکەی ئەردۆغان و سیاسییە ئۆپۆزسیۆنەکانیش.

وەزیری تەندروستی تورکیا فەهرەتین کۆچا لە گردبوونەوەیەکی ئەنتاکیادا هاواری لێکرا لە کاتێکدا کە ئامادەکاری دەکرد لە یەکێک لە بۆنەکانی بەرەبەیاندا وتارێک بدات.

هەروەها خەڵکێکی زۆر و توڕەش لە دەوری سەرۆکی شارەوانی ئەنتاکیا لوتفو ساڤاس کە سەر بە ئۆپۆزسیۆنە کۆبوونەوە، هاوارییان دەکرد " لوتفو دەست لە کاربکێشەرەوە." هاوکات ئاسایش هەوڵی دەدا لوتفو بپارێزێت.

ئیسات گولی تەمەن 19 ساڵ کە وەکو ئەوانی دیکە توڕەیە لە بەرپرسان لەسەر ئەوەی مۆڵەتی دروستکردنی بینایەکییان داوە کە بە ئاسانی لە بومەلەرزەکەدا ڕووخان وتی " ساڵێک تێپەڕی و هێشتا شارەکە داروپەردبووە. هیچ ئومێدێکم بە داهاتوو نەماوە."

سەرچاوە/ فرانس پرێس

XS
SM
MD
LG