کەناڵی تی ئاڕ تی تورکیا بڵاویکردەوە پۆلیسی تورکیا نۆ ئەندامی پارتی کۆماری گەلانی لە ئەنجومەنی شارەوانییەکان بە تۆمەتی پەیوەست بە تیرۆرەوە دەستبەسەر کردووە.
داواکارێکی ئیستەنبوڵ فەرمانی دەستگیرکردنی دوو جێگری سەرۆک شارەوانی و حەوت ئەندامی دیکەی ئەنجومەنی شارەوانییەکانی نۆ ناوچەی ئیستەنبوڵ دەرکردووە، ئەوەش بە تۆمەتی ئەوەی گوایە پەیوەندییان بە پارتی کرێکارانی کوردستان " پەکەکە " ەوە هەبووە.
تی ئاڕ تی وتی ئۆفیسی داواکارەکە وتوویەتی ئەندامانی دەستبەسەرکراوی ئەنجومەنی شارەوانییەکان لە چوارچێوەی ڕێککەوتنێکی هەڵبژاردنی نێوان پارتی گەلانی کۆماری و پارتی دەمی لایەنگری کورد دەنگییان پێدراوە، پارتی دەم سێیەم گەورەترین پارتی سیاسییە لە پەرلەمانی تورکیادا.
لەمدواییانەدا هەندێک لەو شارەوانییانەی کە پارتی گەلانی کۆماری بەڕێوەیان دەبات ڕووبەڕووی لێکۆڵینەوە بوونەتەوە و لە ئەنجامدا چەندین سەرۆک شارەوانی سەر بە پارتەکە بە تۆمەتی تیرۆر و گەندەڵی تۆمەتبار کراون. پارتی گەلانی کۆماری تۆمەتەکان ڕەت دەکاتەوە و دەڵێت لێکۆڵینەوەکان پاڵنەری سیاسییان لە پشتەوەیە.
سەرۆک شارەوانی ئیستەنبوڵ، ئەکرەم ئیمامئۆغلۆی ئەندام لە پارتی گەلانی کۆماریی، کە وەکو ڕکابەرێکی سەرۆکی تورکیا ڕەجەب تەیب ئەردۆغان سەیر دەکرێت، ڕووبەڕووی چەندین لێکۆڵینەوەی دادوەریی بووەتەوە لەسەر لێدوانەکانی کە تێیاندا ڕەخنە لە لێکۆڵینەوەکانی سەر شارەوانییەکانی شارەکە دەگرێت.
ئیمامئۆغلۆ وتی " دوای هەڵبژاردنەکان ئەم کەسانە هەروا لە ناکاو وەکو ' تیرۆریست ' ناودەبرێن، سەرەڕای ئەوەی پێش هەڵبژاردنەکان بەردەوام بوون لە ژیانی ئاسایی خۆیان تاوەکو هەڵبژاردنەکان." هەروەها دووبارە حکومەتی تۆمەتبار کرد بە تۆمەتی بەکارهێنانی دەسەڵاتی دادوەریی وەکو ئامڕازێکی سیاسیی.
لە هەڵبژاردنەکانی ساڵی ڕابردوودا پارتی گەلانی کۆماریی لە زۆربەی شارە گەورەکانی تورکیادا سەرکەوتنی بە دەستهێنا، بە ئیستەنبوڵ و ئەنکەرەی پایتەختیشەوە.
تی ئاڕ تی وتی هەر لە ڕۆژی سێشەممەدا عەبدوڵا زەیدانی ئەندام لە پارتی دەم و سەرۆکی شارەوانی پارێزگای وان، سزای سێ ساڵ و نۆ مانگ زیندانیکردنی بەسەردا سەپێندرا، ئەوەش بە تۆمەتی " هەوڵدان بۆ یارمەتیدانی ڕێکخراوێکی تیرۆریستی."
هەندێک لە سەرۆک شارەوانییەکانی سەر بە پارتی دەم لە پۆستەکانییان دوورخراونەتەوە بە تۆمەتی پەیوەست بە تیرۆرەوە.
سەرچاوە/ ڕۆیتەرز