Accessibility links

سەڵاحەدین دەمیرتاش دەڵێت سەرۆکی تورکیا بە ئامانجی سیاسی دەیەوێت هەدەپە هەڵبوەشێنێتەوە


هاوسەرۆکی پـێشووتری هەدەپە دەڵێت سەرۆکی تورکیا دەیەوێت پارتی هەدەپە هەڵبوەشێنێتەوە بە ئامانجی مسۆگەرکردنی سەرکەوتنی لە هەڵبژاردنەکانی داهاتوودا.

ئاژانسی دەنگ‌وباسی فڕانس پـرێس ئەمڕۆ دووشەممە ڕایگەیاند ژمارەیەک پـرسیاری خۆیان بە نووسین ئاڕاستەی سەڵاحەدین دەمیرتاش کردووە و ئەویش لە زیندانەکەی لە ئەدرنە وەڵامی داوەتەوە.

فڕانس پـرێس دەڵێت دەمیرتاش نووسیویەتی"هۆکاری سەرەکی ئەوەی وەهایان لێدەکات هەوڵی هەڵوەشاندنەوەی پارتی دیموکراتی گەلان (هەدەپە) بدەن، ئەوەیە بوار بە هاوپەیمانێتی ئاکەپە و مەهەپە بدرێت سەرکەوتن بەدەستبهێنێت لە هەڵبژاردنەکانی بڕیارە لە ساڵی 2023 ئەنجام بدرێن."

هەروەها نووسیویەتی "ئەم هۆکارە بەسە بۆ ئەوەی سکاڵاکەی دژی هەدەپە تۆمارکراوە، بە نایاسایی و نا شەرعی دابنرێت."

ئاماژەی بۆ ئەوە کردووە دیموکراسیەت هێشتا لە تورکیا تەواوی نیـیە وە عەقڵیەتێکی سەرکوتکرانە لە وڵاتەکەدا هەیە. هیوای خواست دادگای دەستوری سکاڵاکە ڕەتبکاتەوە.

دەمیرتاش لە بەشێکی وەڵامدانەوەکەی نووسیویەتی"چەندە کۆسپ لە بەردەماندا دابنرێن، هەر پەرە بە ڕێبازی خۆمان دەدەین. لە یەک شتیش دڵنیام ئەویش هەرگیز دەستبەرداری مافەکانی خۆمان لە دیموکراسی و حوکمڕانی نابین."

سەبارەت بە ئایندەی سیاسی خۆی، دەمیرتاش نووسیویەتی" هەرچەندە بەهۆی ئەوەی لە بەندیخانەدام ناتوانم کاری سیاسی بکەم، بەڵام تەنانەت ئەگەر لە دەرەوەی زیندانیشدا بم و ئەندامی هیچ پارتێکی سیاسی نەبم، ئەوا هەر لە پاڵ خەڵکەکەی خۆم لە خەباتکردن بەردەوام دەبم."

سەڵاحەدین دەمیرتاش لە هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی ساڵی 2018 ، زیاتر لە 4 ملیۆن دەنگی بەدەسـتهێنا کە دەکاتە 8.40% ی کۆی دەنگدەران.

داواکاری گشتی تورکیا دەڵێت هەدەپە پەیوەندی بە پارتی کرێکارانی کوردستانەوە هەیە و پـرۆپاگەندەی بۆ دەکات، هەروەها هەوڵی دابەشکردنی تورکیا دەدات، بۆیە بەپـێی دەستور دەبێت ئەم پارتە هەڵبوەشێتەوە.

XS
SM
MD
LG