Accessibility links

تورکیا دەڵێت کاردەکات بۆ نوێکردنەوەی ڕێککەوتنی هەناردەکردنی گەنم لە ڕێی دەریاوە


وەزیری دەرەوەی تورکیا مەولود چاوش ئۆغلۆ دەڵێت ئەنکەرە کاردەکات بۆ درێژکردنەوەی دەستپێشخەرییەک کە نەتەوە یەکگرتووەکان پشتیوانی لێکردووە و تیایدا ڕێگەدرا ئۆکرانیا جارێکی دیکە بتوانێت لە بەندەرە گەمارۆدراوەکانییەوە گەنمەکەی هەناردەی دەرەوە بکات.

مانگی حەوتی ساڵی ڕابردوو نەتەوە یەکگرتووەکان و تورکیا نێوەندگرییان کرد لە نێوان ڕووسیا و ئۆکرانیادا و دەستپێشخەری گەنمی دەریای ڕەش لە نێوان ئەو دوو وڵاتەدا واژۆ کرا، بەپێی دەستپێشخەرییەکە ئۆکرانیا توانی دووبارە گەنمەکانی لە بەندەرەکانی ئۆکرانیاوە هەناردەی دەرەوە بکاتەوە. لە مانگی یانزەدا ڕێککەوتنەکە درێژکرایەوە و لە 18 ی مانگی سێدا ماوەکەی بەسەردەچێت، بەڵام دەکرێت ماوەکەی درێژ بکرێتەوە.

ڕووسیا ئاماژەی بەوەداوە دڵخۆش نیە بە چەند ڕوویەکی ڕێککەوتنەکە.

چاوش ئۆغلۆ لە میانەی وتارێکیدا لە کۆنفرانسی نەتەوە یەکگرتووەکان لەسەر وڵاتە دواکەوتووەکان کە لە دەوحەی پایتەختی قەتەڕ بەڕێوەچوو وتی " ماندونەناسانە کاردەکەین بۆ جێبەجێکردن و درێژتر کردنەوەی ڕێککەوتنی گەنمی دەریای ڕەش."

ڕووسیا ئاماژەی بەوە داوە تەنها لە کاتێکدا ڕازی دەبێت بە درێژکردنەوەی ڕێککەوتنەکە کاتێک بەرژەوەندییە کشتوکاڵییەکانی خۆی ڕەچاو بکرێن.

ڕۆژی یەکشەممە وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ڕووسیا ماریا زاخارۆڤا جەختی لەو هەڵوێستەی ڕووسیا کردەوە.

بەپێی دەزگای هەواڵی تاس، زاخارۆڤا وتی " ئەگەر ئەم ڕێککەوتنە یەکسان بێت، ئەوا ئێمە هەمیشە لەلای خۆمانەوە پابەندی بەرپرسیارێتییەکان بووین و لە سەرجەم ڕێککەوتنەکاندا پابەندییان دەبین." وتیشی ڕووسیا دژی " ئاڕوژاندن و پلانگێڕان " دەوەستێتەوە.

بەرهەمە کشتوکاڵییەکانی ڕووسیا بە ئاشکرا نەکراونەتە ئامانجی سزاکانی ڕۆژئاوا، بەڵام مۆسکۆ دەڵێت کۆتوبەندەکان لەسەر پارەدانەکانی و کۆمپانیاکانی دڵنیایی و لۆجیستیکییەکان " بەربەستن " لەبەردەم ئەوەدا ڕووسیا بتوانێت گەنم و پەینەکەی خۆی هەناردەی دەرەوە بکات.

چاوش ئۆغلۆ وتی لەگەڵ سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان ئەنتۆنیۆ گۆتیرێشدا تاوتوێی هەوڵەکانی کردووە بۆ درێژکردنەوەی ماوەی ڕێککەوتنەکە، بەپێی ناوەندی هەماهەنگی هاوبەش لە تورکیا کە سەرپەرشتی جێبەجێکردنی ڕێککەوتنەکە دەکات، تاوەکو 3 ی مانگی سێ نزیکەی 23 ملیۆن تەن گەنم و بەرهەمە خۆراکییەکانی دیکە بەپێی ڕێککەوتنەکە هەناردەی دەرەوە کراون.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG