Accessibility links

لە ئاهەنگێکی پێشوازی لە جەژنی نەورۆز لە تورکیا 50 کەس دەستگیر دەکرێن، پەیامنێرێکی فرانس پرێسیشییان تێدایە


شایەتحاڵان دەڵێن ڕۆژی یەکشەممە لە پەراوێزی ئاهەنگەکانی جەژنی نەورۆز و ساڵی نوێی کوردیدا لە ئیستەنبوڵی تورکیا پۆلیس نزیکەی 50 کەسی دەستگیرکردووە، پەیامنێرێکی دەزگای هەواڵی فرانس پرێسیشییان تێدایە.

ڕۆژنامەنووسان و پارێزەران لە شوێنی ڕووداوەکە وتییان پەیامنێری فرانس پرێس ئیول یاسار لە کاتێکدا کە ئامادەکاری کردووە بۆ تۆمارکردنی ئاهەنگەکانی نەورۆز و سەری ساڵی نوێی کوردی لە خاڵێکی پشکنیندا دەستگیرکراوە.

دوای شەش کاتژمێر لە دەستبەسەرکردنی لەلایەن پۆلیسەوە لە ناو ڤانێکدا، ئازاد کراوە، 14 کەسی دیکەش لە هەمان ڤاندا دەستبەسەرکرابوون.

یاسار وتی دەستگیرکراوە و دواتر لە ڤانێکی پۆلیسدا گواستراوەتەوە و بە شێوەیەکی " دڕندانە و دەستێوەردانکەر " جەستەی پشکنراوە.

وتی ئەوانی دیکە کە لە ڤانەکەدا لەلایەن پۆلیسەوە دەستبەسەرکرابوون سوکایەتییان پێکراوە، وتی پۆلیس بە " پیسایی بەراز و تیرۆریست و ناپاک " ناویبردوون.

دوو ڕۆژنامەنووسی ماڵپەڕی هەواڵی بیانێت بە ڤیدیۆ دەستگیرکردنەکانییان تۆمار کردووە، وتییان لەلایەن پۆلیسەوە لێیان دراوە و فڕی دراون بە زەویدا.

دەزگای هەواڵی فرانس پرێس لە بەیاننامەیەکدا وتی " دەزگای هەواڵی فرانس پرێس سەرکۆنەی دەستبەسەرکردنی پەیامنێرمان ئیول یاسار دەکات کە تەنها کاری خۆی کردووە."

وتیشی " لە کاتێکدا کە پێشوازی لە ئازادکردنی دەکەین، دەزگای هەواڵی فرانس پرێس داوا لە بەرپرسانی تورکیا دەکات ڕێز لە مافی ڕۆژنامەنووسان بگرن و بە ڕێزەوە مامەڵەیان لەگەڵدا بکەن."

پەیامنێری گروپی مافەکانی میدیا، ڕۆژنامەنووسانی بێ سنوور لە تورکیا سەرکۆنەی دەستگیرکردنی " زۆرەملێی " یاساری کرد و وتی " ڕێگری لێکردووە لە جێبەجێکردنی کارەکەی."

پێشتر یاسار وتی نزیکەی 50 کەس هاتوون بەشداری لە ئاهەنگەکاندا بکەن، کە سەما و ئاگرکردنەوە لە خۆدەگرێت ،ئەوانیش دەستگیرکراون.

وێنەگرێکی دەزگای فرانس پرێس وتی ئاگرکردنەوەکەش هەڵوەشێندراوەتەوە.

زۆرێک لە کوردەکان کە پێنج یەکی 85 ملیۆن دانیشتووەکەی تورکیا پێکدەهێنن، دەڵێن ڕووبەڕووی جیاکارییەکی بەرچاو دەبنەوە لە وڵاتەکەدا.


کەسایەتی دیاری پارتی سەرەکی کوردەکان لە تورکیا سەڵاحەدین دەمیرتاش لە ساڵی 2016 دا بە تۆمەتی بڵاوکردنەوەی " پڕوپاگەندەی تیرۆریستی " زیندانی کرا، هاوکات زیاتر لە سەدان سەرۆک شارەوانی لە ناوچە کوردییەکانی تورکیادا لە هەڵبژاردنەکانی شارەوانییەکاندا لە ساڵی 2019 دا هەڵبژاردنەکان تێیاندا هەڵوەشێندرانەوە.

تورکیا ئاماژەی بەوە داوە کە جیاکاری دژی کوردەکان ناکات وەکو کەمینەیەک، بەڵام دژایەتی پارتی کرێکارانی کوردستان دەکات.

بەپێی ڕۆژنامەنووسانی بێ سنوور، ساڵی ڕابردوو تورکیا لە ڕیزبەندی وڵاتاندا بۆ ئازادی ڕاگەیاندنەکان لە کۆی 180 وڵات لە پلەی 164 دا بوو.

سەرچاوە: فرانس پرێس

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار

XS
SM
MD
LG