Accessibility links

کاندیدی ئۆپۆزسیۆنی تورکیا لە هەڵبژاردنەکانی شارەوانی ئیستەنبوڵدا سەرکەوتنی بەدەستهێنا


ئەکرەم ئیمام ئۆغڵو
ئەکرەم ئیمام ئۆغڵو

کاندیدی ئۆپۆزسیۆنی تورکیا لە هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی شارەوانی ئیستەنبوڵدا سەرکەوتنی بەدەستهێنا دوای ئەوەی دووبارە لەو شارەدا هەڵبژاردنەکان ئەنجامدرانەوە. ئەم سەرکەوتنەش شکستێکی گەورەیە بۆ سەرۆکی تورکیا ڕەجەب تەیب ئەردۆگان کە لە ماوەی 25 ساڵی ڕابردوودا سەرۆکایەتی شارەوانی ئیستەنبوڵی کردووە.

کاندیدەکەی پارتی دەسەڵاتداری تورکیا بینالی یێڵدریم پیرۆزبای لە کاندیدی ئۆپۆزسیۆن ئەکرەم ئیمام ئۆغلۆ کرد و وتی " ڕکابەرەکەم لەپێشەوەیە و پیرۆزبایی لێدەکەم و هیوای سەرکەوتنی بۆ دەخوازم، هەڵبژاردنەکان مانای دیموکراسییە و ئەم هەڵبژاردنانەش دووبارە ئەوەی سەلماند کە دیموکراسییەت لە تورکیادا تەواو کارایە."

لەلایەکی دیکەوە سەرۆکی تورکیا ڕەجەب تەیب ئەردۆگانیش پیرۆزبای لە ئیمام ئۆغلۆ کرد.

ئەنجامە سەرەتاییەکان ئاماژە بەوە دەکەن ئیمام ئۆغڵو بە 700هەزار دەنگ لەپێشەوەیە و لە سەدا 54 ی دەنگەکانی بەدەستهێناوە.

جێی ئاماژەیە سەرۆکی تورکیا ڕەجەب تەیب ئەردۆگان توانی بەرپرسانی هەڵبژاردنەکان ڕازی بکات دووبارە هەڵبژاردنەکان لە شاری ئیستەنبوڵ ئەنجام بدرێتەوە دوای ئەوەی لە مانگی سێدا هەمان کاندیدی ئۆپۆزسیۆن لە هەڵبژاردنەکانی شارەوانی ئیستەنبوڵدا سەرکەوتنی بەدەستهێنا.

لەلای خۆیەوە ئیمام ئۆغڵو بە ڕۆژنامەنووسانی وت " ئەمە دەستپێکێکی نوێیە. کاتی خۆشەویستی و لێبووردن و ڕێزگرتن دەستی پێکرد. هەروەها کاتی بەفیڕۆدان و لەخۆباییبوون و خۆدەرخستن کۆتایی پێهات."

هەروەها ئیمام ئۆغڵو سوپاس و پێزانینی خۆی بۆ هەدەپەش دەربڕی بۆ پشتیوانیکردنیان لە هەڵبژاردنەکاندا.

جێی ئاماژەیە هەدەپە بەشێک نەبوو لە هاوپەیمانێتییەکەی ئیمام ئۆغڵو بەڵام هیچ کاندیدێکیان نەبوو بۆ هەڵبژاردنەکان و داوایان لەلایەنگرانیان کرد پشتیوانی ئیمام ئۆغلۆ بکەن.

ڕابەری هەدەپە پەروین بوڵدان وتی " براوەکان هەدەپە و کوردن، تەواو."

ئەم شکستە بۆ ئەردۆگان تایبەتی و سیاسیشە. شارەزایانی بواری سیاسیی دەڵێن دوای کودەتا سەرنەکەوتووەکەی ساڵی 2016 تورکیا، وەڕس بوون لە ئەردۆگان زیادیکردووە، بەهۆی ئەوەی تورکیا دوای کودەتاکە هەڵمەتێکی دەستگیرکردن و دوورخستنەوەی دەست پێکرد دژی خاوەن کارەکان و ڕۆژنامەنووسان و چالاکەوانانی بواری مافی مرۆڤ.

سەرچاوە/ دەنگی ئەمەریکا

XS
SM
MD
LG