Accessibility links

ئەردۆغان دەڵێت تورکیا بەردەوام دەبێت لە "دیالۆگی ئەرێنی" لەگەڵ عەرەبستانی سعودیەدا


سەرۆکی تورکیا ڕەجەب تەیب ئەردۆغان ڕۆژی چوارشەممە ڕایگەیاند لە ماوەی ڕۆژانەی داهاتوودا تورکیا بەردەوام دەبێت لە " دیالۆگی ئەرێنی" لەگەڵ عەرەبستانی سعودیەدا بە مەبەستی باشکردنی پەیوەندییەکانی نێوانیان.

لە ساڵی 2018وە پەیوەندییەکانی نێوان ئانکەرە و ڕیاز گرژی و ئاڵۆزی زۆری تێکەوت لەو کاتەوەی ڕۆژنامەوانی سعودی جەمال خاشوقچی لەلایەن دەستەیەی کوشتنی سعودی لە نێو کۆنسۆڵخانەی شانشینەکە لە ئەستەنبوڵ کوژرا. پاش ئەوەی تورکیا داوای کرد شازادەی جێنشین محەمەد بن سەلمان و کاربەدەستەکانی تر دادگایی بکرێن، ڕیاز بە شێوەیەکی نافەرمی بایکۆتی لەسەر کاڵاکانی تورکیا دانا.

لە ساڵی 2020 عەرەبستانی سعودیە هەشت کەسی بە تۆمەتی کوشتنی خاشوقچی بە 7 بۆ 20 ساڵ زیندانیکردن سزا دا. ئەو کاتە ئانکەرە گوتی حوکمەکە کەمترە لەوەی کە پێشبینی دەکرا، بەڵام لەو وەختەوە هەوڵوێستەکانی نەرمتربووە وەکو بەشێک لە هەوڵە فراوانەکانی بۆ چاککردنەوەی پەیوەندییەکانی لەگەڵ کەنداودا تەنانەت لە وەختێکدا گوتیشی هیچ کێشەیەکی لەگەڵ ڕیازدا نییە.

ئەردۆغان لە دەمی گەڕانەوەی لە میرنشینە یەکگرتووەکانی عەرەب (ئیمارات) لە نێو فڕۆکەکە بە پەیامنێرانی گوت " ئێمە بەردەوام دەبین لە دیالۆگی ئەرێنیمان لەگەڵ سعودیە. ئێمە دەمانەوێت لە ماوەی داهاتوودا بەردەوامبین لەسەر هەنگاوە تۆکمەکانمان. ئێمە دەمانەوێت پرۆسەیەک بە ئاقارێکی ئەرێنی پێکبهێنین."

XS
SM
MD
LG