Accessibility links

تورکیا فەرمانی دەستگیرکردنی 158 کەس دەردەکات


کەسایەتی ئاینی تورکی فەتحوڵا گولەن
کەسایەتی ئاینی تورکی فەتحوڵا گولەن

دەزگای هەواڵی ئەنادۆڵۆی تورکی بڵاویکردەوە دادوەرانی تورکیا لە لێکۆڵینەوەکاندا سەبارەت بەو کەسانەی پەیوەندییان بە کەسایەتی ئاینی تورکی فەتحوڵا گولەنەوە هەیە، فەرمانی دەستگیرکردنی 158 گومانلێکراوییان دەرکردووە، لەنێویشیاندا 33 سەرباز هەن.

تورکیا دەڵێت فەتحوڵا گولەن لەپشت کودەتا سەرنەکەوتووەکەی ساڵی 2016 ی وڵاتەکەوە بووە، لێکۆڵینەوەکان 41 هەرێمیان گرتۆتەوە و بەشێکن لە هەوڵەکانی تورکیا دژی تۆڕەکەی فەتحوڵا گولەن کە لە ئەمەریکا دادەنیشێت. گولەن ڕەتی دەکاتەوە پەیوەندی هەبووبێت بە کودەتاکەوە.

جێی ئاماژەیە بەهۆی کودەتاکەوە زیاتر لە 250 کەس کوژران.

ئەنادۆڵۆ وتی لەدوایین ئەرکدا تاوەکو ئێستا 97 کەس دەستبەسەرکراون. گومانلێکراوەکان 110 خوێندکاری سەربازییان تێدایە کە دوای هەوڵی کودەتاکە دەرکراون، هەروەها 48 سەربازی ئێستا و پێشوویان تێدایە.

دوابەدوای کودەتا سەرنەکەوتووەکەی ساڵی 2016 ، نزیکەی 80,000 کەس دەستگیرکران و چاوەڕێی دادگاییکردنیان بوون، هەروەها نزیکەی 150,000 کارمەندی حکومی و سەرباز و کارمەندانی دیکەی کەرتی تایبەت لە کارەکانیان دوورخرانەوە. زیاتر لە 20,000 کەسیش لە سوپای تورکیادا دەرکران.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG