Accessibility links

لەشکری تونس ڕێگەی بە سەرۆکی پەرلەمان نەدا بچێتە ناو بینای پەرلەمانەوە


سەرۆکی پارتی ئەلنەهزەی ئیسلامی لە وڵاتی تونس، کە گەورەترین پارتی ناو پەرلەمانە، پێشەنگی مانگرتنێکی کرد لەبەردەم پەرلەمانی وڵاتەکەی پاش ئەوەی لەشکر ڕێگەی نەدا بچێتە ناو بینای پەرلەمانەوە.
ڕاشد غەنوشی، کە سەرۆکی پەرلەمانی تونسیشە لە کاتژمێر 3ی بەرەبەیانەوە لە هەوڵدابوو بچێتە ناو بینای پەرلەمانەوە، بەڵام ڕێگەی پـێنەدرا و بۆ چەند کاتژمێرێک لە ناو ئۆتۆمبیلەکەی لە بەردەم پەرلەمان مایەوە و پاش ئەوەی هەوڵەکانی بێ ئەنجام بوون، شوێنەکەی جێهێشت.

ئەم هەوڵانەی غەنوشی، چەند کاتژمێرێک پاش بڕیارەکەی قەیس سەعید، سەرۆکی تونسە بۆ داخستنی پەرلەمان و لەکار دەرکردنی سەرەک وەزیر.
پارتی ئەلنەهزە، ناڕەزایی بەرامبەر ئەو هەنگاوانەی سەرۆکی تونس دەربڕیوە و بە کودەتاش ناودێری کردووە.

سەدان لایەنگری سەرۆکی تونسیش لە بەردەم باڵەخانەی پەرلەماندا گردبووبوونەوە و دروشمی دژی پارتی ئەلنەهزەیان دەوتەوە و ڕێگەشیان دەگرت لەوەی لایەنگرانی ئەلنەهزە بچنە باڵەخانەی پەرلەمانەوە.

لایەنگەرانی هەردوولا بەرد و بوتڵیان دەگرتە یەکتر.

سەرۆکی تونس سەر لە ئێوارەی ڕۆژی یەکشەممە ڕایگەیاند هیشام ئەلمشیشی، سەرەک وەزیری وڵاتەکەی لە کار دەرکردووە و کاری پەرلەمانیشی بۆ ماوەی 30 ڕۆژ ڕاگرتووە.

ئەم هەنگاوە مشتومڕ لەسەرەی سەرۆکی تونس دوابەدوای بنبەستێکی درێژخایەن دێت لە نێوان سەرۆک و سەرەک وەزیر و پەرلەماندا کە بووبووە تەگەرە لەبەردەم هەوڵەکاندا بۆ بەرەنگاربوونەوەی پەتای کۆرۆنا و ئەمەش بەرزبوونەوەیەکی بەرچاوی ڕیژەی مردنی بە دوای خۆیدا هێنا و بردیە نێو بەرزترین ڕێژەی مردن بەهۆی کۆرۆناوە لە جیهاندا.

ئەم هەنگاوەی قەیس سەعید لە کاتێکیشدایە کە دەسەڵاتەکانی سەرۆک لە تونس هێندە نییە بەسەر ئاسایش و دیپلۆماسی وڵاتەکەوە و بەپێی دەستوریش، دەبێت سیستەمی سیاسی لە وڵاتی تونس، دیموکراسی پەرلەمانی بێت.

XS
SM
MD
LG