Accessibility links

هەزاران کەس لە تونس دژی سەرۆکی وڵاتەکە ناڕەزایی دەردەبڕن


ڕۆژی شەممە هەزاران خۆپیشاندەری توڕە لە تونس دژی قەیرانی ئابووری و زیادبوونی دەسەڵاتی تاکڕەوی سەرۆکی تونس ناڕەزاییان دەربڕی، ئەوەش وەکو وەڵامدانەوەی داوای پارتەکانی ئۆپۆزسیۆنی وڵاتەکە کە داوایان کردبوو یادی تێپەڕبوونی 12 ساڵ بکەنەوە بەسەر ڕاپەڕینەکانی بەهاری عەرەبدا لە ناوچەکە.

خۆپیشاندانەکان دوابەدوای هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی وڵاتەکە دێن کە لە مانگی ڕابردوودا بەڕێوەچوو و تەنها لە سەدا 11 ی دانیشتوانی وڵاتەکە دەنگیاندا. مەبەست لە هەڵبژاردنەکان لابردن یاخود دووبارە دروستکردنەوەی بڕیارێک بوو کە سەرۆکی تونس قەیس سەعید لە ساڵی 2021 دا هەڵیوەشاندەوە.

هەروەها لە کاتێکیشدایە کە وڵاتەکە بە قەیرانێکی گەورەی ئابووریدا تێپەڕ دەبێت، هەڵاوسانی ئابووری و بێکاریش لە زیادبووندان. تونسییەکان ڕووبەڕووی بەرزبوونەوەی نرخەکانی خۆراک و کەمیی سوتەمەنی و پێویستییە سەرەتاییەکانی وەکو شەکر و زەیت و برنج بوونەتەوە.

بەرەی ڕزگاری نیشتیمانی، کە هاوپەیمانێتییەکی نێوان پێنج پارتی ئۆپۆزسیۆنە لە تونس، داوای ڕێپێوانیان کردووە لە ناوەڕاستی تونسدا.

شەقامی حەبیب بۆرگویبا کە دەماری سەرەکی پایتەختە و شوێنێکی سەرەکی شۆڕشەکانە، ژمارەیەکی زۆر لە هێزەکانی ئاسایشی تیادا جێگیر کراوە، فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و بەربەستی ئاسنی و کامێرای چاودێری داندراون بۆ چاودێریکردنی خەڵکەکە.

ئەو خۆپیشاندەرانەی کە هاوارییان دەکرد " قەیس بڕۆ دەرەوە، نا بۆ دیکتاتۆری، بەڵێ بۆ گفتوگۆ و دیموکراسی "، ڕێگەیان لێگیرا لە وەزارەتی ناوخۆ نزیک ببنەوە.

سەرۆکی دەستەی مافەکانی مرۆڤی تونس باسم تریفی وتی بەرپرسان خۆپیشاندانی خۆپیشاندەرانیان لە شارەکانی دیکە قەدەغە کردووە و ڕێگەیان نەدراوە بێن و بەشداری لە ڕێپێوانەکەدا بکەن.

کەسایەتییەکی سیاسی دیاری ئۆپۆزسیۆنی تونس ئەحمەد نەجیب چیبی وتی " ڕزگاربوونی تونس تەنها دەکرێت لە ڕێی دوورکەوتنەوەی قەیسەوە بێت."

سەرۆکی پارتی کرێکاران، حەما حامامی وتی " قەیس سەعید یان ئەوەتا زیندانی دەکرێت یان هەڵدێت بۆ دەرەوەی وڵات. ڕژێمە دیکتاتۆرییەکەی دەڕووخێت، وەکو ڕژێمەکەی سەرۆک بن عەلی دەرکراو."

لە 14 ی مانگی یەکی ساڵی 2011 دا سەرۆکی ئەو کاتەی تونس زینەلعابدین بن عەلی ناچارکرا واز لە دەسەڵات بهێنێت، وڵاتەکەش گۆڕدرا بۆ دیموکراسییەک کە بووە هاندەری بەهاری عەرەبی. بن عەلی لە ساڵی 2019 دا مرد.

سەرۆکی پارتی کۆمارییەکان، عیسام چیبی وتی ڕکابەرەکان بەردەوام دەبن لە شەڕیاندا بۆ دووبارە دەستپێکردنەوەی پڕۆسەی دیموکراسی و یارمەتیدان لە هێنانە دەرەوەی وڵاتەکە لەو قەیرانە سیاسی و ئابووری و کۆمەڵایەتییەی کە پیایدا تێپەڕ دەبێت.

سەعید لە ساڵی 2019 دا وەکو سەرۆکی تونس دەستنیشانکرا، سەربەخۆیی دەسەڵاتی دادوەری سنووردار کرد و دەسەڵاتەکانی پەرلەمانی لاواز کرد.

ساڵی ڕابردوو لە گشتپرسییەکدا تونسییەکان دەستوورێکیان پەسەند کرد کە تیایدا دەسەڵاتی بەرفراوان دەدات بە سەرۆکی وڵاتەکە. سەعید ڕابەرایەتی پڕۆسەکەی کرد و نوسراوی دەستوورەکەش خۆی نوسییەوە، یاسای هەڵبژاردنەکانی گۆڕی بۆ لەناوبردنی ڕۆڵی پارتە سیاسییەکان.

سەرچاوە/ AP

XS
SM
MD
LG