Accessibility links

واشنتن پـۆست: لێکۆڵینەوە لەگەڵ سەرۆک ترامپ دەکرێت سەبارەت بە دروستکردنی کۆسپ لە بەردەم دادوەری

  • VOA News

ڕۆژنامەی واشنتن پـۆست لە زاری کاربەدەسـتانەوە کە ناویانی ئاشکرا نەکرد، بڵاویکردەوە ڕۆبەرت مولەر لێکۆڵەری تایبەت لێکۆڵینەوە لەوە دەکات ئایا سەرۆک ترامپ کۆسپی لەبەردەم دادوەری دروستکردووە یان نا.

مولەر پـێشتر دەسـتنیشانکرابوو بۆ لێکۆڵینەوە لەو ڕاپـۆرت و ئیدیعایانەی دەڵێن ڕووسیا دەستی‌وەردابووە هەڵبژاردنەکانی ساڵی 2016 ی سەرۆکایەتی ئەمەریکا و ڕەنگە تیمی هەڵمەتی هەڵبژاردنی سەرۆک ترامپ لێی ئاگاداربووبن.

جێمس کۆمی بەڕێوەبەری پـێشووی دەزگای لێکۆڵینەوەی فیدراڵی FBI هەفتەی ڕابردوو لە کۆنگرێس گوتی پـێیوایە سەرۆک ترامپ بۆیە لە پـۆستەکەی لایداوە تاوەکو لێکۆڵینەوەکانی FBI سەبارەت بە دەسـتێوەردانی ڕووسیا لە هەڵبژاردنەکان تێکبدات.

واشنتن پـۆست لە ڕاپـۆرتەکەیدا کە شەوی چوارشەممە بڵاویکردەوە نووسیویەتی 5 کەس کە داوایان کردووە ناویان ئاشکرا نەکرێت، گوتویانە دان کۆتس بەڕێوەبەری دەزگای هەواڵگری نیشتمانی و مایک ڕۆجەرز سەرۆکی ئاژانسی ئاسایشی نیشتمانی و ڕیچارد لێجێت سەرۆکی پـێشووی هەمان ئاژانس، قایلبوون چاوپـێکەوتنیان لەگەڵ بکرێت لەلایەن لێکۆڵەرەوانی لەگەڵ ڕۆبەرت مولەر کاردەکەن. دەڵێن ڕەنگە لەم هەفتەیەدا ئەو چاوپـێکەوتنانە ئەنجام بدرێن.

ڕۆژنامەکە دەشڵێت لێکۆڵینەوە لەگەڵ سەرۆک ترامپ سەبارەت بە دروستکردنی کۆسپ لە بەردەم دادوەری پاش چەند ڕۆژێک لە لابردنی کۆمی لە پـۆستەکەی دەسـتیپـێکردووە. کۆمی لە 9 ی مانگی پـێنج لە پـۆستەکەی لابرا.

تیمی یاسایی سەرۆک ترامپ هەر چوارشەممە ڕاپـۆرتەکەیان ڕەتکردەوە.

مارک کۆڕاڵۆ گوتەبێژی تیمی یاسایی سەرۆک ترامپ گوتی" بڵاوکردنەوەی زانیاری دەزگای FBI لە بارەی سەرۆک ترامپەوە کارێکی نایاسایی‌ قێزەوەنە و جێی لێخۆشبوون نیـیە."

گوتەبێژی ڕۆبەرت مولەر ئامادە نەبوو سەبارەت بەم ڕاپـۆرتە لێدوان بۆ ڕۆیتەرز بدات.

XS
SM
MD
LG