Accessibility links

سەرۆک ترامپ بە تەواوی لە کۆشـکی سـپی دەسـتبەکاردەبێت

  • VOA News

سەرۆک ترامپ ئەمڕۆ دووشەممە تەواوی یەکەم هەفتەی لە کۆشـکی سپـی دەسـتپـێدەکات و چاوەڕوان‌دەکرێت لە سەرەتاوە چەندان بڕیاری گرنگ واژووبکات، وەک ئەوەی پـێشتر بەڵێنی دابوو.

دۆناڵد ترامپ لە پاش هەڵبژاردنی بە 45 هەمین سەرۆکی وڵاتەکە، لە یەکەم کۆنگرەی ڕۆژنامەوانی لە11 ی ئەم مانگە لە نیویۆرک، گوتی بە درێژایی هەفتەی یەکەم و دووەم بڕیار واژوودەکات بە ئامادەبوونی ڕۆژنامەوانان.

بەپـێی میدیاکانی ناو وڵاتەکە کاربەدەسـتێـک لە کۆشـکی سـپی گوتویەتی سەرۆک ترامپ ئەمڕۆ دووشەممە بڕیارێـک واژوو دەکات بۆ دەسـتپـێـکردنەوەی دانوسـتاندنەکان لە بارەی ڕێکەوتننامەی بازرگانی ئازادی ئەمەریکای باکور.

دوێنێ یەکشەممە سەرۆک ترامپ گوتی بەنیازە بەم زووانە وتووێژەکان دەسـتپـێبکاتەوە لە بارەی بازرگانی ئازادی ئەمەریکای باکور کە لە سایەیدا کەنەدا و مەکسیک زۆربەی هەناردەکانیان بۆ ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکایـیە.

لە ئێستادا دوو ئەندامی بەڕێوەبەرایەتیـیەکەی سەرۆک ترامپ لە لایەن ئەنجومەنی سیناتەوە پەسەندکراون، ئەوانیش جێمس ماتیس وەزیری بەرگری و جۆن کێڵی وەزیری ئاسایشی ناوخۆ. چاوەڕوانیش دەکرێت پاش نیوەڕۆی ئەمڕۆ دووشەممە ئەنجومەنەکە ڕیکس تێلرسن بۆ پـۆستی وەزیری دەرەوە پەسەند بکرێت، پاش ئەوەی ڕۆژی یەکشەممە هەردوو سیناتۆری کۆماری جۆن مەککەین و لیندزی گراهام لە ڕاگەیاندنێـکی هاوبەشیاندا گوتیان " هەرچەندە هێشتا نیگەرانین لە بارەی ئەو سەودایانەی لە ڕابردوودا لەگەڵ حکومەتی ڕووسیا و ڤلادیمیر پـوتن هەیبووە، بەڵام لەو بڕوایەداین بەڕێز تێلرسن دەتوانێت چالاکانە بۆ بەرژەوەندیـیەکانی ئەمەریکا کاربکات."

XS
SM
MD
LG