Accessibility links

سەرۆک ترامپ لە ئەوروپاوە دەڵێت سەرکەوتن بەسەر تێرۆرزمدا تۆماردەکەین


سەرۆکی ئەمەریکا دەڵێت ئەوروپا و ئەمەریکا بەدەست هێرشی تێرۆرستی یەک لە دوای یەک ناڵاندویانە و بەڵێنی دا ئەو تێرۆرکاریـیە ڕابگرن و سەرکەوتنی بەسەردا تۆماربکەن.

سەرۆک ترامپ ئەمڕۆ پـێنجشەممە لە وتارێـکیدا لە وارشۆی پایتەختی پـۆڵەندا جەختی لە شەڕی دژی تێرۆرزم کرد و گوتی ڕۆژئاوا هەرگیز لە ئاستیدا شکست ناهێنێت و بەها مرۆیـیەکانی ڕۆژئاوایی سەرکەوتن بەسەریدا تۆماردەکەن.

گوتی ئەو بیروباوەڕی توندوتیژیـیە کە هەوڵ دەدرێت بۆ تەواوی جیهانی هەناردە بکرێت، هەڕەشەیەکی مەترسیدارە بۆ سەر شێوازی ژیان و وڵاتەکانیان. گوتیشی هەرگیز چۆک دانادەن و ئازادیـیەکانیان لەدەست نادەن.

جەختی لەوەش کرد ئەمەریکا هەمیشە پـێشوازی لەو کۆچبەرانە دەکات کە بڕوایان بە بەهاکانی هەیە، بەڵام سنوورەکانی خۆی بەرەو ڕووی توندڕەوان بە داخراوەیی دەهێڵێتەوە.

ئاماژەی بۆ کۆنگرەکەی مانگی پـێنجی ڕیازی پایتەختی عەرەبستانی سعودیـیە کرد کە تیایدا 50 وڵاتی ئیسلامی بەشداریـیان کرد بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی بیروباوەڕی توندڕەوی. گوتی شەڕی ئەو تێرۆرە دەکەن کە بە ناوی ئیسلامەوە دەکرێت و لە کۆتاییدا سەرکەوتنی بەسەردا تۆماردەکەن.

پاشان باسی لە شەڕی داعش کرد و گوتی لەوەتای ئەو بووە بە سەرۆک، ئەمەریکا توندتر شەڕی داعشی کردووە و لەم زووانە هەردوو شاری موسڵ و ڕەققە ڕزگاردەکرێن. گوتیشی ئەمەریکا هەوڵی چارەسەرێـکی ئاشتیانە دەدات بە شێوەیەک ئەجینداکانی ئێران بەهێز نەکات و ڕێگەش بگرێت لە گەڕاندنەوەی ڕێکخراوە تێرۆرستیـیەکان.

سەرۆک ترامپ لە بەشێـکی وتارەکەی باسی لە سیاسەتەکانی ڕووسیا کرد و گوتی پـێویستە کارە دوژمنکارانەکانی لە ئۆکرانیا و شوێنەکانی دیکە ڕابگرێت و دەسـتبەرداری هەردوو ڕژێمی سوریا و ئێران ببێت.

گوتیشی ئەمەریکا لەگەڵ پـۆڵەندا کاردەکات بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ڕەفتارە ناسەقامگیریـیەکانی ڕووسیا. هەروەها دووپاتی کردەوە کە ئەمەریکا وابەستەیە بە زامنکردنی ئاشتی و ئارامی لە ڕۆژهەڵات و ناوەندی ئەوروپا.

هەروەها جەختی کردەوە کە واشنتن پابەندە بە پەیمانـنامەی بەرگری هاوبەشی ناتۆ، گوتی ئەمەریکا نەک تەنها بە قسە، بەڵکو بە کردەوە سەلماندویەتی کە بە مادەی پـێنجی ناتۆ پابەندە. بەڵام گوتی پـێویستە ئەوروپا خەرجیـیە بەرگریـیەکانی زیاتربکات تاوەکو بتوانێت بەرگری لەخۆی بکات.

XS
SM
MD
LG