Accessibility links

سەرۆک ترامپ: لە ستراتیژیەتی نوێدا ئەمەریکا لە پـێش هەموو شتێکەوە دەبێت


سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا ستراتیژیەتی خۆی بۆ ئاسایشی نیشتمانی وڵاتەکە ڕاگەیاند و دەڵێت تیایدا ئەمەریکا لە پـێش هەموو شتێکەوەیە.

سەرۆک ترامپ ئەمڕۆ دووشەممە لە وتارێکدا یەکەم ستراتیژیەتی خۆی ئاشکراکرد و سەرەتا ڕەخنەی لە بەڕێوەبەرایەتی پـێشووی وڵاتەکە گرت و گوتی ئەو بەڕێوەبەرایەتیـیە چەندان ڕێکەوتنی کردووە کە بە زیان بەسەر وڵاتەکە کەوتوونەتەوە، لەوانە ڕێکەوتنی بازرگانی کە بوونە مایەی داخستنی دەیان کارگە لە وڵاتەکە و هەروەها ڕۆشتنی کارەکان بۆ دەرەوەی وڵات.

گوتیشی بەڕێوەبەرایەتی پـێشوو سەرقاڵی بنیادنانی وڵاتان و میلـلەتانی دیکە بوو، بەڵام شکستیان هێنا لەوەی وڵاتەکە بنیادبنێن و هەروەها زیانی بە لەشکر گەیاندووە لە ڕێگەی کەمکردنەوەی بودجەکەیان و ناردنیان بۆ ئەرکی ناڕوون. گوتیشی شکستی هێنا لەوەی هاوپەیمانە دەوڵەمەندەکانی نێو ناتۆ وەک پـێویست پارەی خۆیان بۆ بەرگری ڕێکخراوەکە دابین بکەن، ئەمەش بووە بارێکی قورس بەسەر خەڵکی ئەمەریکا لە پـێدانی باجی زیاتر و لەگەڵ ئەوەش ئەرکێکی زیاتر بۆ لەشکری ئەمەریکا. هەروەها گوتی بەڕێوەبەرایەتی پـێشوو هەڕەشە ناوکیـیەکانی کۆریای باکوری پشـتگوێ خستبوو، وە ڕێکەوتنێکی خراپیان لەگەڵ ئێراندا کرد، وە ڕێگەیان بە داعش دا چەندان ناوچە لە ڕۆژهەڵاتی ناڕوەڕاست کۆنترۆڵ بکەن. هەروەها گوتی باجی سەر ئەمەریکایـیەکانیان زیادکردبوو و کۆسپیان بۆ کەرتی وزە دروستکردبوو و سنوورەکانی وڵاتەکەیان بۆ ملیۆنان کەس کردبووەوە بەبێ ئەوەی ڕەچاوی باری ئابوری و ئاسایشی وڵاتەکە بکات.

پاشان گوتی ئەمەریکایـیەکان ڕەتیانکردەوە ئەم شکستانەی پـێشوو بەردەوامن و دەنگی خۆیان بۆ بەڕێوەبەرایەتی نوێ دا و لە 20 ی مانگی یەکەوە کە دەستبەکاربووم خەڵکی ئەمەریکا سەرلەنوێ بووەوە بە خاوەنی وڵاتەکە.

سەرۆک ترامپ گوتی لە ماوەی کەمتر لە ساڵێک لە حوکمڕانی وڵاتەکەی لە چەندان ڕێکەوتنی نێودەوڵەتی کشاندووەتەوە کە کارێگەریـیان بەسەر هەلی کار و ئابوری ئەمەریکاوە هەبوون، لەوانە ڕێکەوتنی پارێس کە زۆر لەسەر وڵاتەکە دەکەوت.

گوتیشی لەم ماوەیە سزای بەسەر پاسدارانی ئێران سەپاند کە پشتیوانی لە تێرۆر دەکات، وە ئامادە نەبووە ڕێکەوتنە ناوکیـیەکە پەسەند بکات. باسی لەوەش کرد لە میانەی سەردانەکەی بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست چۆن کاریگەری بەسەر وڵاتانی عەرەبی کەنداو هەبوو لە شەڕی دژی تێرۆرزم و ڕاگرتنی کۆمەکی تێرۆرستان. گوتیشی بۆیە هاوپەیمانێتی دژی داعش توانی نزیکەی 100% ی ئەو ناوچانە ڕزگاربکات کە داعش لە عێراق و سوریا دەستی بەسەریانداگرتبوو.

پاشان گوتی سەبارەت بە هێزەکانی ئەمەریکا لە ئەفغانستان، هیچ وادەیەکی دیارکراو بۆ مانەوەی ئەو هێزانە دانانێت و هەروەها داواشیان لە پاکستان کردووە کە کاری زیاتر بکات بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی گروپە تێرۆرستیـیەکان. ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد ساڵانە یارمەتیـیەکی زۆری پاکستان دەدەن، بۆیە چاوەڕوانی کاری زیاتری لێدەکەن.

سەرۆک ترامپ لە درێژەی وتارەکەی چوار خاڵی سەرەکی بۆ ستراتیژیەتەکەی ئاشکراکرد، ئەوانیش پاراستنی سنوورەکانی ئەمەریکا، بەهێزکردنی ئابوری وڵاتەکە، بەدیهێنانی ئاشتی لە ڕێگەی بەهێزکردنی تواناکانی ئەمەریکا لە ڕووی ئابوری و لەشکری، دەستڕۆیشتوویی ئەمەریکا لە جیهاندا زیاتربکرێت لەم کاتەی جیهان لە پـێشبڕکێدایە.

XS
SM
MD
LG