Accessibility links

سەرۆک ترامپ پـێشوازی لە سێ ئەمەریکایـیە ئازادکراوەکەی کۆریای باکور دەکات


سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا پـێشوازی لەو سێ ئەمەریکایـیە کرد کە لە کۆریای باکور زیندانیکرابوون و بەرەبەیانی ئەمڕۆ پـێنجشەممە بە فڕۆکەیەکی تایبەت گەیشتنە فڕۆکەخانەی بنکەی لەشکری ئەندرۆز لە نزیک واشنتنی پایتەخت.

هەر لەگەڵ گەیشتنی فڕۆکەکە، سەرۆک ترامپ و مەڵانیا ترامپی خانمی یەکەمی ئەمەریکا سەرکەوتنە ناو فڕۆکەکە و لەوێوە پـێشوازیان لێکردن.

پاشان هەرسێکیان، کیم هاک و تۆنی کیم و کیم دۆنگ شول، پـێکەوە هاتنە خوارێ و مایک پـێنس جێگری سەرۆک لە بەردەم فڕۆکەکە بەخێرهاتنەوەی کردن و مایک پەمپـێۆ وەزیری دەرەوە کە لە کۆریای باکورەوە هەتا ئەمەریکا یاوەری کردبوون جارێکی دیکە پـێرۆزبایی لێکردنەوە بەبۆنەی گەشتنەوەیان بە سەلامەتی بۆ وڵات.

بەر لەوەی بە خێزانەکانیان شادببنەوە بەرەو سەنتەری تەندروستی لەشکری واڵتەر ڕید بران تاوەکو لەوێ پـشکنینی تەندروستیان بۆ بکرێت و لە باری تەندروستیان دڵنیاببنەوە.

سەرۆک ترامپ ئەم هەنگاوەی کیم جۆنگ ئون ڕێبەری کۆریای باکوری بە دەسـتپـێشخەریـیەکی باش ناودێرکرد و گوتی" بە ڕاستی پـێشبینیمان نەدەکرد ئەمە ڕووبدات. بۆ ئێمە زۆر گرنگ بوو ئەم هاوڵاتیانە ئازادبکرێن."

هەرسێ ئەمەریکایـیە ئازادکراوەکەش لای خۆیانەوە ڕاگەیاندنێکیان بڵاوکردەوە و تیایدا گوتیان"پـێزانینی زۆری خۆمان دەردەبڕین بۆ حکومەتی ئەمەریکا و سەرۆک ترامپ و مایک پەمپێـۆ وەزیری دەرەوە و خەڵکی ئەمەریکا بۆ گەڕاندنەوەمان بۆ نیشتمان."

پاشان گوتیان"سوپاس بۆ یەزدان و سوپاس بۆ هەموو خێزان و هاوڕێـیانمان کە لە پـێناو گەڕاندنەوەمان نوێژ و نزایان کردبوو."

کیم دۆنگ شول گوتی بەردانی لە زیندان خەونێک بووە بۆی و ئێستا زۆر خۆشحاڵە کە ئازادە.

جێی ئاماژەیە کیم دۆنگ شول قەشەیەکی ئەمەریکایی‌یە و بە ڕەچەڵەک خەڵکی کۆریای باشورە و لە ساڵی 2015 وە لە کۆریای باکور دەسـتگیرکرا بە تۆمەتی وەرگرتنی فلاش میمۆریـیەک لە کۆنە سەربازێکی کۆریای باکورەوە کە زانیاری لەشکری و ناوکی پـیۆنگ‌یانگی تیادابووە. دەسەڵاتدارانی کۆریای باکور لە ساڵی 2016 حوکمی 10 ساڵ زیندانی و کاری قورسیان بۆ دەرکرد.

بەڵام کیم هاک و تۆنی کیم لە زانکۆیەکی پـیۆنگ‌یانگ کاریان دەکرد و ساڵی ڕابردوو دەستگیرکران بە تۆمەتی ئەنجامدانی کرداری دوژمنکارانە.

دوێنێ چوارشەممە لە میانەی سەردانی مایک پەمپـێۆ بۆ پـیۆنگ‌یانگ، ڕێبەری کۆریای باکور لێبوردنی بۆ ئەو سێ ئەمەریکایـیە دەرکرد و ئازادکران.

XS
SM
MD
LG