Accessibility links

بڕیارە ڕۆژی دووشەممە ترامپ چاوپێککەوتن لەگەڵ بەرپرسانی چاودێریدا بکات کە هەنگاوێکی پێویستە پێش سزادانی لە دۆسییەکەی نیویۆرکدا


سەرۆکی پێشووی ئەمەریکا دانۆڵد ترامپ بڕیارە لەلایەن بەرپرسانی چاودێری نیویۆرکەوە چاوپێککەوتنی لەگەڵدا بکرێت، ئەمەش هەنگاوێکی پێویستە پێش ئەوەی لە مانگی حەوتدا دادگا سزای بدات لە دۆسییەی تاوانی پێدانی پارە بۆ بێدەنگکردن، ئەمەش بەپێی سێ کەسی نزیک لە بابەتەکەوە.

سێ کەسەکە بە دەزگای هەواڵی ئەسۆشیەتد پرێسییان وت ترامپ لە ڕێی پەیوەندییەکی ڤیدیۆییەوە لە شوێنی دانیشتنەکەی لە مار ئا لاگۆی پاڵم بیچی فلۆریداوە چاوپێککەوتنەکە دەکات. کەسەکان نەیانویست ناوییان ئاشکرا بکرێت چونکە ڕێگە پێدراو نەبوون بە ئاشکرا باس لە پلانەکان بکەن.

یەکێک لە پارێزەرەکانی ترامپ، تۆد بلانچ، ئامادەی چاوپێککەوتنەکە دەبێت. ئەو کەسانەی کە لە نیویۆرک تاوانبار دەکرێن زۆرجار بەبێ ئامادەبوونی پارێزەرەکانییان لەگەڵ بەرپرسانی چاودێرییدا چاوپێککەوتن دەکەن، بەڵام دادوەرەکەی دۆسییەکەی ترامپ خوان مێرچان ڕۆژی هەینی لە نامەیەکدا وتی ڕێگە بە ئامادەبوونی بلانچ دەدات.

مەبەستی ئاسایی لە چاوپێککەوتنی چاودێریدا پێش سزادانی تاوانبار ئامادەکردنی ڕاپۆرتێکە کە بە شتی زیاتر سەبارەت بە بەرگریکارەکە بە دادوەرەکە دەڵێت، هەروەها ئەگەری هەیە یارمەتی بدات لە دەرکردنی سزایەکی گونجاو بۆ تاوانەکەی.

ئەو جۆرە ڕاپۆرتانە زۆرجار لەلایەن ئەفسەرێکی چاودێرییەوە ئامادە دەکرێن، کارمەندێکی کۆمەڵایەتی یاخود دەروونناسێک کە کار بۆ بەشی چاودێری دەکات و چاوپێککەوتن لەگەڵ بەرگریکاراندا دەکات، ڕەنگە چاوپێککەوتن لەگەڵ هاوڕێ و خێزانی بەرگریکارەکەشدا بکات کە ئەگەر بەهۆی تاوانەکەوە زیانییان پێگەیشتبێت.

لە ڕاپۆرتەکەدا مێژووی تایبەتی بەرگریکارەکە و تۆماری تاوان و پێشنیارەکانی تێدا دەبێت بۆ سزادانی. هەروەها زانیاری تێدا دەبێت سەبارەت بە کار و هەر بەرپرسیارێتییەک بۆ یارمەتیدان لە گرنگیدان بە ئەندامێکی خێزانەکەی. هەروەها دەرفەتێکیشە بۆ بەرگریکارەکە تاوەکو باس لەوە بکات بۆچی پێویستە سزاکەی سوکتر بێت.

دەستەی سوێندخۆرانی دادگاکەی نیویۆرک ترامپیان تۆمەتبار کرد بە تۆمەتی ساختەکردنی تۆمارەکانی کارەکانی لە کۆمپانیاکەیدا لە چوارچێوەی پلانگێڕییەکی فراوانتردا بۆ کڕینی بێدەنگیی خەڵک کە ڕەنگە چیرۆکی شەرمەزارکەرییان سەبارەت بە ترامپ بڵاوبکردایەوە لە ماوەی هەڵمەتەکانی هەڵبژاردنەکانی ساڵی 2016 دا. پێش هەڵبژاردنەکان 130,000 دۆلار چووە بۆ ئەکتەری پۆڕن ستۆرمی دانیێڵز کە بانگەشەی ئەوەی دەکرد شەوێکی لەگەڵ ترامپدا بەسەر بردووە. ترامپیش ئەوەی ڕەت کردەوە.

ترامپی بەربژێری کۆمارییەکان بۆ هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی ئەمەریکا سەرجەم تۆمەتەکان ڕەت دەکاتەوە و دەڵێت دۆسییەی تاوانەکە مەبەست لێی زیانگەیاندن بووە بە دەرفەتەکانی بۆ جارێکی دیکە هەڵبژاردنەوەی وەکو سەرۆکی ئەمەریکا.

سەرچاوە/ دەنگی ئەمەریکا

XS
SM
MD
LG